نێچیرڤان بارزانی: ئەمریکا ڕاستەوخۆ هاوکاری سەربازیمان پێشکەش دەکات

نێچیرڤان بارزانی: ئەمریکا ڕاستەوخۆ هاوکاری سەربازیمان پێشکەش دەکات
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و ئەمریکا، ئەمریکا ڕاستەخۆ هاوکارییە سەربازییەکانی دەداتە هەرێم.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا کە دوێنێ ٢٤ی تەموزی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند یاداشتە لێکتێگەیشتنەکەی ئەمریکا و هەرێم هەماهەنگی و هاوکاری هەردوولا لەخۆدەگرێت لەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و وتیشی، بەپێی یاداشتەکە ئەمریکا ڕاستەخۆ هاوکارییە سەربازییەکانی دەداتە هەرێم.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەشی وت، هۆکاری دواکەوتنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ ئامادەنەبوونی سوپای عێراقە لەگەڵ پرسی ئەوەی کێ لە داهاتوودا کۆنترۆڵی شارەکە دەگرێتە دەست و چۆن بەڕێوەدەبرێت.

هەر لەسەر پرسی موسڵ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری هەیە بەهۆی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵەوە ٥٠٠ هەزار ئاوارەی تر ڕوو لە هەرێم بکەن و لەسەر ئەو بابەتەش لەگەڵ بەغدا و نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەماهەنگی دەکەن بۆ دابینکردنی شوێن و پێداویستی بۆ ئەو ئاوارانە.

نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا ڕاشیگەیاند، سەربەخۆیی کوردستان مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و ئەوەی گرنگە بۆ هەرێم ئەوەیە کە دەبێت دوای داعش سنورەکانی دیاری بکرێت.

ئەوەشی وت "هەر کاتێک بڕیار لەسەر سەربەخۆیی یان مانەوە بدەین، عێراق بە هاوپەیمانێکی ستراتیجیمان دەمێنێتەوە."

هەروەها ڕاشیگەیاند، ئەو پرسە لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەکەن و تورکیا و ئێران فاکتەرێک نابن لە بڕیاریاداندا.

لەبارەی دەنگۆی ئەوەی کە سعودیە یارمەتیی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێرانی داوە و لە شاری هەولێر و بنكەیان لە نزیك سنوورەكانی ئێران دامەزراندووە، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە و سعودیە وەک وڵاتانی تر کونسوڵخانەی لە هەرێم هەیە و لە چوارچێوەی ئەو پرۆتۆکۆلەشدا کار دەکات کە لەگەڵ عێراقدا هەیەتی.

ئەوەشی وت پەیوەندییە دۆستانەکانیان لەگەڵ ئێراندا گرنگە و لە ڕابردوودا سەلماندویانە کە بوونەتە فاکتەرێک بۆ سەقامگیری ئێران و تورکیا.
Top