یەکێتی ئاستەنگ بۆ بڕیارەکەی سەرۆك بارزانی لەبارەی دۆسیەی کوشتنی گەنجەکە دروست دەکات
ڕۆژی شەممە 23\7\2016، وێنەی گەنجێکی کەرکووکی بڵاو کردەوە کە تەرمەکەی لە لایەن پۆلیسەوە دۆزرابووەوە و لەسەر جەستەیدا جگە لە چەند تاتۆیەک کە ناوی بارزانی لەسەر نووسراوە، شوێنی ئەشکەنجە دیارە. ئەمەش کاردانەوەیەکی بەرفراوانی بە دوای خۆیدا هێنا.
هەمان ڕۆژ، عەمید سمکۆ، گوتەبێژی ئاسایشی یەکێتی لە کەرکووک ڕاگەیاند کە ئەوان گەنجەکەیان نەکوشتووە، بەڵکو گوتی: ”گەنجەکە خۆی بکوژ بوو، ئەو بە ماددەی 406 داواکراو بوو و کەسێکی کوشتووە، ئێمە بانگمان کرد بۆ ئاسایش، بەڵام ئەو تریاککێش و سەرخۆش بوو، بۆیە ڕێگامان دا بڕوا“. گەنجە کوژراوەکەشی بەوە تۆمەتبار کرد کە کەسێکی ”چەقۆ کێش“ بووە و ئەگەر شوێنەواری ئەشکەنجەی پێوە دیار بووبێت، ئەوا لە دەرەوە وای بەسەر هاتووە.
لە بەرامبەر ئەو ڕووداوە، کاردانەوەیەکی زۆر دروست بوو، بە جۆرێک کە دوێنێ یەکشەممە 24\7\2016، د. ئومێد سەباح، گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا ، ئاشکرای کرد، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی کوشتنی گەنجەکەی کەرکووک ڕاسپاردووە. ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئەو لێژنەیە بە مەبەستی دەرخستنی ڕاستییەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستە.
لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئازاد جەباری، لە لێژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بە میدیاکانی سەر بە یەکێتی ڕاگەیاندووە: ”دۆسیەی کوشتنی ئەو گەنجەی کەرکووک دۆسیەیەکی ناوخۆییە و تایبەتە بە کەرکووک و لێکۆڵینەوەش لەمبارەیەوە ئەرکی ئیدارەی شارەکەیە“. ئاماژەشی بەوە داوە: ”ڕاسپاردنی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە لایەن بارزانییەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەیسە، دەست تێوەردانە لە کاروباری ناوخۆی کەرکووک و لە بری چارەسەرکردن، کێشەکە ئاڵۆزتر دەکەن. ئێستاش ئیدارە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرکووک بە وردی لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە دەکەن و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیش بۆی نییە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیە بکات“.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو شاری کەرکووک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەو ڕووداوەی ئاسایشی یەکێتی زۆر گران لەسەر ئەو حزبە دەوەستێت، بۆیە یەکێتی هەوڵ دەدات لەناوخۆی پارێزگای کەرکووک لێژنەیەک پێک بهێنێت کە خۆی تێیدا باڵادەستە، بۆ ئەوەی دۆسیەکە بەو جۆرە ئاراستە بکەن کە خۆیان دەیانەوێت. گوتیشی: ”ئەم قسەیەی سەرۆکی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، نیشانەی ئەوەیە کە یەکێتی بە بیانووی ئەوەی دۆسیەکە کێشەیەکی ناوخۆییە، هەوڵی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ لێژنەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەدات“.
پێشتر لە ڕۆژی 23\7\2016، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک لە ڕوونکردنەوەیەکدا ، ئاماژەی بەوە دابوو کە بارزان محەمەد ڕەحیم، لە دایکبووی 1981ە لایەنگری پارتی دیموکراتیی کوردستانە و بەپێی سکاڵای کەسوکارەکەی، لە ڕۆژی 19\7\2016، لە لایەن ئاسایشی یەکێتی لە کەرکووک دەستگیر کراوە، دوای چەند ڕۆژێکیش تەرمەکەی دۆزراوەتەوە کە ئاسەواری ئەشکەنجەیەکی جەستەیی زۆری پێوە دیارە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان هیچ کەس و لایەنێک تاوانبار ناکەن و ئێستا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا دەکەن.
هەر ڕۆژی ئاشکرابوونی تاوانەکە، لیوا هەڵۆ نەجات، بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک - پارتی ڕاگەیاند کە کەسوکاری ئەو گەنجە ئاسایشی یەکێتی لە ڕووداوەکە بە بەرپرسیار دەزانن.
باسنیوز
