فراکسیۆنی پارتی: بەتووندی ئەو دەستە رەشە مرۆڤکوژە مەحکوم دەکەین

فراکسیۆنی پارتی: بەتووندی ئەو دەستە رەشە مرۆڤکوژە مەحکوم دەکەین
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە کوشتنی بارزان محەممەد راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "بە تووندی ئەو دەستە رەشە مرۆڤکوژە مەحکوم دەکەین، كە تاوانی ئاوا ئەنجام دەدات و ئەو پەڕی بێویژدانی بێبەزەیی و دڕندەیی پیشانی هەمووان دەدات".

لە راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی کە رۆژی یەکشەممە 24-7-2016 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "ئەوەی كە بووەتە هۆی قوڵتربوونەوەی نیگەرانی هەموو لایەك، ئەنجامدانی ئەو كردەوە دڕندانەیە، بە شێوەیەكی ڕێكخراو و ترسنۆكانە، كە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئاماژەی بۆ دەكەن".

دەقی راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی

هاونیشتیمانیانی بە شەرەف و مرۆڤدۆستی کوردستان

ئەنجامدانی تاوانی "ئەشکەنجەدان تا گیان لەدەستدان"، لە بەرانبەر لاوێكی كوردی دانیشتووی شاری كەركووك، بە ناوی (بارزان محەممەد)، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەموومانی تاساند و ویژدانی زیندووی هەموو مرۆڤدۆستێكی هەژاند.

ئەم تاوانە پێشلێكردنێكی زەقی ڕێسا و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ و یاسا ناوخۆیی و دەقە پیرۆزە ئاسمانییەكان و داب و نەریتی پێكەوە ژیانە، كە بووەتە سیمبولێك بۆ ناسینەوەی شاری بابەگوگوڕ و كەركووكی دڵی كوردستان.

ئەوەی كە بووەتە هۆی قوڵتربوونەوەی نیگەرانی هەموو لایەك، ئەنجامدانی ئەو كردەوە دڕندانەیە، بە شێوەیەكی ڕێكخراو و ترسنۆكانە، كە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئاماژەی بۆ دەكەن.

ئێمە لە كاتێكدا هاوخەمی و پەژارەی خۆمان بۆ ئەم كارەساتە دەردەبڕین و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی كاكە (بارزان) دەكەین، لە هەمانكاتدا بە توندی ئەو دەستە ڕەشە مرۆڤکوژە مەحکوم دەکەین، كە تاوانی ئاوا ئەنجام دەدات و ئەو پەڕی بێویژدانی بێبەزەیی و دڕندەیی پیشانی هەمووان دەدات.

داوا لە لایەنە پەیوەندیدارە یاساییەکانیش دەکەین، بە ئەرکی یاسایی خۆیان هەستن و تاوانباران بە سزای یاسایی و دادپەروەری بگەیەنن و دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی بەرپرسانە، كە دووربێت لە هەر هەوڵێكی بە لاڕێدا بردن، بۆ ڕای گشتیی بخەنە ڕوو، لە پەروەردگاریش دەخوازین سەبوری بە بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێیانی بدات.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
2016/07/24




رووداو
Top