93 ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی لۆزان تێپەڕی
رێككەوتننامەی لۆزان لە 24ی تەممووزی ساڵی 1923 دا لە شاری لۆزانی سویسرا واژۆکرا.
پەیماننامەكە لەنێوان 13 وڵاتی دەستڕۆیشتوودا واژۆکرا، ئەوانیش؛ تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، یۆنان، بەلجیکا، رۆمانیا، یەکێتی سۆڤیەت، یوگوسلاڤیا، ژاپۆن، بولگاریا و پۆرتوگال هەموو بە ماددە و بڕگەکانی لۆزان رازی بوون و بڕیاریان لێدا.
لۆزان بیرۆکەی ئەو دەوڵەتە كوردییەی لەناوبرد، كە پەیمانی سیڤەر لە 10ی 8ی 1920ـدا لەسەر رووبەری 20%ی تێكڕای خاكی كوردستانی گەورە نەخشاندبووی.
پەیمانی لۆزان دوای لاوازبوونی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کۆماریی تورکیای هێنایە پێش، دەرگای دیپلۆماسی لە سەر حکومەتێک کردەوە کە مستەفا کەمال ئەتاتورک حوکمداری بوو، هاوکات بووە هۆکاری نکۆڵی لە دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ کورد و ئەرمەن.
مستەفا کەمال ئەتاتورک بە هەوڵی دیپلۆماسی و پاڵپشتی یەکێتی سۆڤیەتی جاران توانی پەیمانی سیڤەر هەڵبوەشێنێتەوە و پەیمانی لۆزان بکاتە جێگرەوەی.
بۆ هاوپەیمانانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم، بە تایبەتیش بەریتانیا و فەرەنسا، گرینگ بوو توركیا رۆڵێكی چارەنووسسازی لە یەكلایكردنەوەی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت، مەرجی تورکیاش ئەوە بوو پەیمانی سیڤەر جێبەجێنەکرێت.
لۆزان خاکی کوردستانی دابەشکرد، نەخشەیەکی تازەی بە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکە بۆ رۆژهەڵات و کوردستان داڕشت.
لۆزان زەبرێکی کاریگەريی بە دۆزی کورد گەیاند، نەیهێشت داخوازییەکانی بەپێی مادەی 62 و 64ی پەیمانی سیڤەر بێنەدی، هاوکات نەخشەیەکی تازەی بۆ داڕشتنەوەی قەوارەی سیاسیی و جوگرافی لەناوچەکەدا کێشا.
رووداو
