نێچیرڤان بارزانی: دوای داعش دەبێت سنووری هەرێمەکەمان بزانین و دیاریی بکەین
لەبارەی رۆڵی کورد لە ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:" ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ئێمە گرنگن و پێشمەرگە رۆڵی گرنگی دەبێت، لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق و هێزی هاوپەیمانان هاوئاهەنگی تەواومان لەو بارەیەوە هەیە".
هەروەها لەبارەی ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی موسڵ بارزانی دەڵێت: "وێڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان بە قەیرانێكی دارایی قورسدا تێدەپەڕێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی هەرێـم لیژنەیەکی تایبەت بە رێکخستن و پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی شاری موسڵ پێکهێناوە، کە لیژنەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات".
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەرسیۆنەکان بارزانی گوتی: "تا ئێستا ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنەکان نەکراوە، ئەوەی کە گرنگە لەو ئۆپەراسیۆنانە بەڕێوەبردنی دۆخی شارەکەیە لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی". گوتیشی: "موسڵ شارێکی گەورەیە و جێگیرکردنی دۆخەکەی لە دوای رزگارکردنی زۆر قورستر دەبێت لە خودی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی".
هەروەها سەبارەت بە رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تایبەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، بارزانی دەڵێت:" رێککەوتنەکە دوو لایەن لە خۆدەگرێت، بەشێک بریتییە لە پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی بە هێزەکانی پێشمەرگە و لایەنی دووەم تایبەتە بە پرۆتۆکۆڵی رێکخستنی سەربازی نێوان ئەمریکا و هەرێم کە لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە نابێت ئەو هاوکارییانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە رادەستی هەرێم دەکرێن دەستی سێیەمیان تێدابێت. هەروەها هەماهەنگی نێوان هەردوولا بۆ رزگارکردنی موسڵ و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی داعش".
سەبارەت بەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن کە گوایە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس داوای لە نووری مالیکی کردووە وردەکاری ئەو رێککەوتنە بەدەستبێنێت و رێگە نەدات ئەنجامبدرێت و هەروەها کۆسپ لەبەردەم دروستکردنی بنکەی نوێی سەربازی ئەمریکا لە کوردستان دروستبکات، بارزانی دەڵێت:" ئێمە ئاگامان لەو هەواڵە نییە و پێموایە دوورە لە راستی، ئێمە ئاگاداری بەغدامان کردووەتەوە و هەروەها پێموایە ئەمریکاش ئاگاداری ئەوانی کردووەتەوە، چونکە هیچ شتێکی نوێ سەبارەت بەو رێککەوتنە نییە و خودی رێککەوتنەکەش لەدوای چەندین مانگ لە دانیشتنی دوو قۆڵی ئێمە و ئەمریکییەکان واژۆ کراوە".
لەبارەی قۆناخی دوای داعش، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت:" قۆناخی دوای داعش گرنگترین قۆناخە و جێی نیگەرانی ئێمەیە، چونکە دەبێت ئەوە بە برا عەرەبەکانمان لە بەغدا بڵێم کە داعش لە سۆنگەی هزری نەتەوە پەرستی عەرەبە شۆفێنییەکانی عێراق بە تێکەڵبوون لەگەڵ ئیسلامییە تووندئاژۆکان درووستبووە و لە دەرەوەی عێراق نەهاتووە. بۆیە لەدوای ئازادکردنی موسڵ شوێنێک وەک ناوەندی خیلافەتی ئیسلامی بۆ داعش نامێنێت و ئەو کاتە رووبەڕووی هزری داعش دەبینەوە، کە لەڕێگەی شەڕی پارتیزانی و شانە نهێنییەکان کار دەکات".
گوتیشی: "من پێموایە ئەو کاتە داعش لەڕێگەی چەک و جەنگی سەربازییەوە کۆتایی نایەت، بەڵکو پێویستی بە پیاداچوونەوە و چارەسەری سیاسی هەیە".
لە وەڵامی پرسیارێک تایبەت بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، بارزانی گوتی:" سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان مافێکی گەلی کوردە و مافی دیاریکردنی چارەنووسمان یەکێک لە ئامانجەکانی گەلی کورد و دەبێت لەدوای کۆتاییهاتنی داعش، پرسی سنوورەکانمان کە بە خوێنی شەهیدەکانمان دیاریمان کردوون، یەکلایییان بکەینەوە" گوتیشی: "دوای داعش چ لە چوارچێوەی عێراق بمێنینەوە یان وەک هەرێمێکی کۆنفیدراڵی بین، دەبێت سنووری هەرێمەکەمان بزانین و دیاری بکەین کە بە خوێنی شەهیدانی ئەم گەلە ئەو ناوچانە رزگارکراون".
سەبارەت بە چۆنیەتی راگەیاندنی سەربەخۆیی، لەکاتێکدا هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا دژ بەو هەنگاوە دەوەستن و هاوکات یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانیش هاوڕانین لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بارزانی رایگەیاند: "ئێمە باش لە هەلومەرجی هەرێم و دەورووبەرمان تێدەگەین و ئەو وڵاتانەش کە پێشتر سەربەخۆییان وەرگرت بە کێشەی سیاسی و ئابووری سەخت تێپەڕین و ئێمەش هاوشێوەی ئەو وڵاتانە دەتوانین ئەو کێشانە چارەسەر بکەین".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی:" ئێمە لە عێراق هۆکاری کێشە نین، بەڵکو ئامڕازی جێگیرکردنی دۆخەکەین. دوای ساڵی 2003 ئێمە خوازیاری عێراقێکی نوێ بووین کە پشت بە یاسا و دەستوور ببەستێت، بەڵام ئەو عێراقە درووست نەبوو، دوو جۆر عێراق هەیە، عێراقی پێش موسڵ و دوای موسڵ، ئێمە ناتوانین بۆ دۆخی ساڵی 2003 بگەڕێینەوە، بەڵام چ سەربەخۆیی هەڵبژێرین یان کۆنفیدراڵی، ئێمە سەرەتا لەگەڵ بەغدا دا دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەین. بۆیە لەم حاڵەتەدا ئێران و تورکیا ئەوەندە کاریگەرییان لەسەر ئێمە نابێت. بڕیاری ئێمە هەرشتێک بێت بەغدا هاوبەشێکی ستراتیژی ئێمە دەمێنێتەوە".
نێچیرڤان بارزانی لە هەڤپەیڤینەکەدا لەبارەی هەڵوێستی عێراق و ئەگەری چارەسەرنەکردنی کێشەکان، گوتی: "کێشەی بەغدا خۆی لە چۆنیەتی بیرکردنەوەیان دەبینێتەوە، ئەوان ئێستاش بیری لەوە دەکەنەوە هەموو شتێک لە دەستی خۆیان بێت و هەموو دەسەڵاتەکان لەو ناوەند چڕ بکرێنەوە. دوای 2003 تا ئێستا کە 13 ساڵە دەستوور جێبەجێ نەکراوە، هەرکاتێک کە هەستیان کردووە لەڕووی سەربازییەوە بەهێزن هەوڵیان داوە تانک رەوانەی کوردستان بکەن، نووری مالیکی بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، پرسیاریش ئەوەیە کە ئایا ئێمە دەتوانین تا 10 ساڵی داهاتوو بەرگەی ئەو هەموو هەڵانە بگرین، وەڵام ئەوەیە کە نەخێر، راستە ئێمە ناکۆکی ناوخۆییمان هەیە، بەڵام پێموایە لەو بارەیەوە هەموومان کۆکین و بڕیاری هەموومان سەربەخۆیی دەبێت".
سەبارەت بە کودەتاکەی تورکیا، بارزانی رایگەیاند: "ئێمە بە ئەنجامی کودەتاکە و سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی تورکیا خۆشحاڵ بووین. ئەگەر تەماشای مێژووی کودەتاکانی تورکیا بکەین دەبینیت کە ئەو کودەتایانە بە سوودی گەلی کورد نەبوون و زیانی بە ئێمە گەیاندووە، هەرێمی کوردستان خۆشحاڵە بەوەی کە ئەو حکومەتەی کە شەرعییەتی لە گەل وەرگرتووە گەلەکەی لە هەرەسهێنان پاراستی".
