فوئاد حوسێن لەگەڵ نەوشیروان مستەفا کۆبووەوە
سەرچاوەیەک راگەیاند: "ئێوارەی یەکشەممە 24-7-2016 فوئاد حوسێن، بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سلێمانی و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە و کۆبوونەوەکە کۆتایی هاتووە".
سەرچاوەیەکە گوتی: "کاژێر 20:00 فوئاد حوسێن لە گردی زەرگەتە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا کۆبووەتەوە، کۆبوونەوەکە دوو قۆڵی بووە و فوئاد حوسێن پەیامی مەسعود بارزانی گەیاندووەتە نەوشیروان مستەفا، رێگە بە هیچ دەزگایەکی راگەیاندنیش نەدراوە رووماڵی سەردانەکە بکات".
هەروەها گوتی: "لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، فوئاد حوسێن چووەتە دەباشان و لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەتەوە".
بەپێی زانیارییەکان فوئاد حوسێن رۆژی شەممە 23-7-2016 گەیشتووەتە سلێمانی و ئامادەکاری کردووە بۆ کۆبوونەوەکانی رۆژی یەکشەممە، هەروەها بڕیارە رۆژی دووشەممە 25-7-2016 لەگەڵ محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆببێتەوە.
بۆ چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و زەمینەسازی بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان، فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆدەبێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 14-7-2016 فوئاد حوسێن لەگەڵ عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە شاری هەولێر كۆبووەوە. هەروەها رۆژی شەممە 16-7-2016 لەگەڵ سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوو قۆڵی لە هەولێر كۆبوونەوە.
