فراکسیۆنی پارتی بۆ گیانلەدەستدانی گەنجە کەرکووکییەکە: بەئەشکەنجەکوژران، ویژدانی مرۆڤدۆستانی هەژاند
دەقی ڕاگەیێندراوەکە:
هاونیشتمانیانی بەشەرەف و مرۆڤدۆستی کوردستان
تاوانی "ئەشکەنجەدان تا گیان لەدەستدان"، دەرهەق بە لاوە كوردێکی دانیشتووی شاری كەركووك، بە ناوی (بارزان مەحموود)، لەو چەند ڕۆژەدا هەموومانی تاساند و ویژدانی هەموو مرۆڤدۆستێكی هەژاند.
ئەم تاوانە ڕێک پێشلێكردنی ڕێسا و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ و یاسا ناوخۆیی و دەقە پیرۆزە ئاسمانییەكان و دابونەریتی پێكەوەژیانە، كە بووەتە سیمبولێك بۆ ناسینەوەی شاری بابەگوگوڕ و كەركووكی دڵی كوردستان.
هەموو لایەک خەمێکی قووڵ دایگرتوونە، ئاخر بە گوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئەو كردەوە دڕندانە ترسنۆکانە، ڕێكخراو بووە.
ئێمە خەمبار و بەپەژارەینە و، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی كاكە (بارزان) دەكەین؛ زۆر توندیش ئەو دەستە ڕەشە مرۆڤکوژە مەحکووم دەکەین، كە بەو پەڕی بێویژدانی و دڕندەییەوە، بێبەزەییانە تاوانێکی ئاوەهای کردووە.
داوا لە لایەنە پەیوەندیدارە یاساییەکانیش دەکەین، بە گوێرەی ئەرکی یاسایی خۆیان، بە پێی یاسا، تاوانباران بدەنە دەست دادگا و، بە لێکۆڵینەوەیەکی بەرپرسانەی دوور لە دەستێوەردانی ئەم و ئەو، هەقی ئەو نەهامەتییە بدەن و، بۆ ڕای گشتی بیخەنە ڕوو. لە پەروەردگاریش دەخوازین سەبوری بخاتە دڵی بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێیانیەوە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
2016/07/24
