فازڵ میرانی: پێوەندی دوو قۆڵی نێوان پارتی و شیوعی كوردستان، مێژوویین و لە ئاستە هەرە بەرزەكانە

فازڵ میرانی: پێوەندی دوو قۆڵی نێوان پارتی و شیوعی كوردستان، مێژوویین و لە ئاستە هەرە بەرزەكانە
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێشوازی شاندێکی حزبی شیوعیدا ڕایگەیاند ئێستا یەکەم شت دوای شەڕی داعش، ڕێکخستنی ڕەوشی ناوخۆی كوردستانە و خۆشبەختانە ئێستا شێوەی قسەكردنی هەموو لایەنەكان زۆر باشترە لەچاو چەند مانگ لەمەوبەر و ئەمە دەسپێكێكی زۆر باشە بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتەكاندا.

لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەلاحەدین فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە شاندێكی حزبی شیوعی كوردستان بە سەرۆكایەتیی د. كاوە جێگری سكرتێری حزبی شیوعی كرد.
مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ڕەمزی شەعبان ئەندامی یەدەكی مەكتەبی سیاسی و ئەحمەد كانی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی نیشتمانی و كوردستانیش لە دانیشتنەکەدا بوون و، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی زۆر بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی كرد و باسێکی ڕەوشی ئەمڕۆی كوردستان و ناوچەكەی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان مێژووییە و، زۆر قووڵە و، لە ئاستە هەرە بەرزەكانە.

میرانی دووپاتیشی كردەوە كە ئێستا ئەولەویەتی ئێمە لە دوای شەڕی داعش ڕەوشی ناوخۆی كوردستانە و، خۆشبەختانە ئێستا شێوەی قسەكردنی هەموو لایەنەكان زۆر باشترە لەچاو چەند مانگ لەمەوبەر و، ئەمە دەسپێكێكی زۆر باشە بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتەكاندا.

میرانی ئاماژەی بەوەیش دا كە هەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئەو ڕۆژەی كە بە سازان سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەر بزووتنەوەی گۆڕان كەوت هیچ جارێك پەرلەمان نەبووەتە بەشێك لە قەیرانەكان و گرفتەكان، بەڵام بە داخەوە لە خولی تازەی پەرلەمان ئەو چەندەی لە دەست دا و لە جیاتی ئەوەی پەرلەمان ببێتە جێی چارەسەركردنی گرفت، بووەتە لایەکی قەیرانەکە.

میرانی تەئكیدی كردەوە دەبێت هەموو لایەنەكان واز لە بەرژەوەندییەكانی حزبی خۆیان بێنن و بەرژەوەندیە بەرزەکانی كوردستان لە سەرووی هەموویانەوە بێت و بە یەك دەنگ و، یەكڕیز ڕووبەرووی پێشهاتەكان ببینەوە.
فازڵ میرانی دووپاتی كردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان زامنی پێكەوەژیانی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی بووە و هەرواش دەمێنێت.

(د. كاوە) جێگری سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان وێڕای دەسخۆشی لە مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە، ئاماژەی بەوە دا كە حزبی شیوعی كوردستان بڕوایان وایە كە دەبێت متمانە لە نێوان حزبەكان لەسەر پرەنسیپی هاونیشتمانی بێت نەك لەسەر هێز و كارتێكردنی حزب؛ لەبەر ئەوەی كوردستان بە قۆناغێكی ناسکدا تێدەپەڕێت و، هەرێمی كوردستان بووەتە ئامانجی هەندێك لایەنی دەوروبەر و دەبێت یەكڕیزییەکەی خۆمان بپارێزین و، شەڕی دژی داعش لە سەرووی هەموو كارێکمانەوە بێت؛ ئینجا دوای ئەوە پاراستنی ئەم دەستكەوتانەی ئێستای گەلی كوردستان گەلێ گرنگە.
تەئكیدیشی كردەوە كە بۆ زاڵبوون لەسەر گرفتەكان دەبێت بگەینە تەوافوقێكی دی؛ لەبەر ئەوەی تەوافوقی ڕابردوو ئێمەی گەیاندە ئەم ڕەوشەی ئێستا و، دەشێ بە پەلە گرفتەكان چارە بکەین؛ لەبەر ئەوەی زەمینە سازە بۆ سەربەخۆیی كوردستان و گەیاندنی ئەم گەلە بەو ئامانجەی كە سەدان ساڵە خەباتی بۆ دەكات.

شید. كاوە ئامادەیی حزبی شیوعی كوردستانیشی دەربڕی بۆ گێڕانی هەر ڕۆڵێك كە یارمەتیدەر بێت بۆ زاڵبوون بە سەر گرفتەكاندا.
شایانی باسە شاندی حزبی شیوعی كوردستان ئەم کەسانەیان لەگەڵدا بوو: د. كاوە جێگری سكرتێری حزب و ئەبوكاروان و زیرەك كەمال ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەحمەد شێروانی بەرپرسی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان.
Top