پارتی ئازادیی کوردستان ڕەتی دەكاتەوە کە ئێران ئەندامی ئەوانی دەستبەسەر كردبێت

 پارتی ئازادیی کوردستان ڕەتی دەكاتەوە کە ئێران ئەندامی ئەوانی دەستبەسەر كردبێت
پارتی ئازادیی كوردستان (پاک)، ھەواڵی سوپای پاسدارانی لەبارەی دەستبەسەرکردنی ئەندامەکانی ئەو پارتە ڕەت کردەوە و ڕای گەیاند، ئەو سێ كەسەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەركراون، ئەندامی پاک نین.

سەلیم نادری، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ئازادی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو پارتە گوتی؛ "هەڵۆکانی ئازادی کوردستان تەقەیان لە کاروانی نوێنەری شاری داڵاهۆ کردووە کە ئێمە لێی بەرپرس نین و تەنیا دەتوانین بڵێن ئەو کەسانەی کە لەو پەیوەندییەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، هیچ پەیوەندییەکییان بە پارتی ئازادیی کوردستانەوە نییە".

نادری گوتیشی: "دوای ئەوەی هەر حزبێکی کوردی کوردستانی رۆژهەڵات لە ناوخۆی وڵات چالاکی ئەنجام دەدات، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست دەکات بە ڕەشبگیری و کەسانێکی بێ تاوان دەستبەسەر دەکات".

لەبارەی چالاکییەکانی پارتی ئازادی کوردستان ئەو بەرپرسە گوتی: "سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵەوە بڕیارمان داوە کە قۆناغێکی دیکە لە خەباتی خۆمان لە ناوخۆی وڵات دەست پێی بکەین، بەڵام ئیستا سەرقاڵی شەڕی داعشین و هیچ ئەندامێک، یان پێشمەرگەیەکی خۆمان نانێرینەوە بۆ ناوخۆی وڵات و تەنیا لەڕێی ڕێکخستنەکانمان لە ناوخۆی وڵات چالاکی ئەنجام دەدەین".

ئەو ئەندامەی سەرکرایەتییەی پاک بۆ، ئەوەشی خستەڕوو؛ لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەڕێمی کوردستاندا، هیچ هێزێک نانێرینەوە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات و دەڵێت: "ڕێکخستنەکانمان لە ناوخۆی وڵات سەربەست کردووە و بۆ ئەنجامدانی هەر چەشنە چالاکییەک پاڵپشتیان دەکەین".

هەفتەی رابردوو تەقە لە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی نوێنەری شاری داڵاھۆی كرماشان لە پەرلەمانی ئێران كرا کە بە هۆیەوە دوو كەس كوژران و سێ كەسیش بڕیندار بوون، هاوکات ھەڵۆكانی پارتی ئازادیی كوردستان لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەو هێرشەیان وە ئەستۆی خۆیان گرت و ئێستا سوپای پاسداران دەڵێ؛ "سێ كەس لە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەمان دەستبەسەر كردووە كە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستانن".










باسنیوز
Top