پارتی ئازادیی کوردستان ڕەتی دەكاتەوە کە ئێران ئەندامی ئەوانی دەستبەسەر كردبێت
سەلیم نادری، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ئازادی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو پارتە گوتی؛ "هەڵۆکانی ئازادی کوردستان تەقەیان لە کاروانی نوێنەری شاری داڵاهۆ کردووە کە ئێمە لێی بەرپرس نین و تەنیا دەتوانین بڵێن ئەو کەسانەی کە لەو پەیوەندییەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، هیچ پەیوەندییەکییان بە پارتی ئازادیی کوردستانەوە نییە".
نادری گوتیشی: "دوای ئەوەی هەر حزبێکی کوردی کوردستانی رۆژهەڵات لە ناوخۆی وڵات چالاکی ئەنجام دەدات، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست دەکات بە ڕەشبگیری و کەسانێکی بێ تاوان دەستبەسەر دەکات".
لەبارەی چالاکییەکانی پارتی ئازادی کوردستان ئەو بەرپرسە گوتی: "سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵەوە بڕیارمان داوە کە قۆناغێکی دیکە لە خەباتی خۆمان لە ناوخۆی وڵات دەست پێی بکەین، بەڵام ئیستا سەرقاڵی شەڕی داعشین و هیچ ئەندامێک، یان پێشمەرگەیەکی خۆمان نانێرینەوە بۆ ناوخۆی وڵات و تەنیا لەڕێی ڕێکخستنەکانمان لە ناوخۆی وڵات چالاکی ئەنجام دەدەین".
ئەو ئەندامەی سەرکرایەتییەی پاک بۆ، ئەوەشی خستەڕوو؛ لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەڕێمی کوردستاندا، هیچ هێزێک نانێرینەوە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات و دەڵێت: "ڕێکخستنەکانمان لە ناوخۆی وڵات سەربەست کردووە و بۆ ئەنجامدانی هەر چەشنە چالاکییەک پاڵپشتیان دەکەین".
هەفتەی رابردوو تەقە لە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی نوێنەری شاری داڵاھۆی كرماشان لە پەرلەمانی ئێران كرا کە بە هۆیەوە دوو كەس كوژران و سێ كەسیش بڕیندار بوون، هاوکات ھەڵۆكانی پارتی ئازادیی كوردستان لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەو هێرشەیان وە ئەستۆی خۆیان گرت و ئێستا سوپای پاسداران دەڵێ؛ "سێ كەس لە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەمان دەستبەسەر كردووە كە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستانن".
باسنیوز
