سیاسەتمەدارێکی ئیسرائیلی: کوردستان دەبێتە هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ئێمە

 سیاسەتمەدارێکی ئیسرائیلی: کوردستان دەبێتە هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ئێمە
سیاسەتمەدار و وەزیرێکی پێشووی ئیسرائیلی داوا لە حکوومەت و بڕیار بەدەستانی وڵاتەکەی دەکات پشتگیریی دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکەن و پێیوایە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەبێتە هاوپەیمانی ستراتیژیی وڵاتەکەی.

غەدعون ساعیر، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا و ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانی بچووککراوەی ئیسرائیل بۆ کاروباری ئاسایشی لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی (مەعاریف) رایگەیاندووە، کە نەخشەی سایکس پیکۆ کۆن بوو و ئێستا نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە هەرەس دەهێنێت.

غەدعون ساعیر هەروەها رایگەیاندووە، کە کورد نزیکەی 30-50 ملیۆن کەس دەبن و تاوەکو ئێستا دەوڵەتێکی سەربەخۆیان نییە و لە ئەگەری دروستبوونی ئەو دەوڵەتە، ”بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هاوپەیمانی ستراتیژیی ئیسرائیل لە ناوچەکە“.

ئەو سیاسەتمەدارە، کە هاوکات لێکۆڵەرە لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتیمانیی ئیسرائیل لە زنکۆی تەل ئەڤیڤی پایتەختی ئەو وڵاتە ئاماژەی بە پێگەی گرنگی کورد لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی توندڕەوی داعش و هەرەس پێهێنانی هەردوو دەوڵەتی عێراق و سووریا کردووە و رایگەیاندووە، ئێستا هەردوو وڵاتی ئەمریکا و رووسیاش گرنگیی زیاتر بە کورد دەدەن.

غەدعون ساعیر باسی لەوەشکردووە، کە ئیسرائیل پێیوایە کورد نێوەندگیر و میانڕەون و ”هیچ رۆژێک دژی ئیسرائیل رانەوەستاون“ و بەردەوام هاوپەیمانیی ئیسرائیل لە ناوچەکە دژی عەرەبەکان شتێکی ئاسایی بووە.

ئەو سیاسەتمەدار و ئەکادیمییەی ئیسرائیل بە ئاماژەکردن بەوەی کورد لە باکووری سووریا ناوچەیەکی خۆڕێبەریی دامەزراندووە و ناوی ناوە ”رۆژئاوای کوردستان“ و لە باکووری عێراقیش ”حکوومەتێکی سەربەخۆیان هەیە“، داوای لە بڕیار بەدەستانی وڵاتەکەی کردووە، هەنگاوی یەکەمی نێودەوڵەوتی بن لە پشتگیری کردنی سەربەخۆیی کوردستان و لە رووەکانی خوێندن، تەندروستی و کشتوکاڵ.

هەروەک غەدعون ساعیر رایگەیاندووە، ژمارەیەک بازرگانی کوردی جولەکە لە ئیسرائیل هەن و دەتوانرێ ئەوان بکرێنە پردێک بۆ دروستبوونی پەیوەندیی ئابووریی و رۆشنبیری لەنێوان ئیسرائیل و کوردستان.









باسنيوز
Top