دەزگای گشتیی کاروباری مین ساڵانە 3 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێنێتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە (24,7,2016)، محەمەد ئەحمەد، سەرۆکی گشتیی دەزگای کاروباری مین لە پەیجی فەرمیی دەزگای میندا ڕای گەیاند؛ بە مەبەستی کەمکردنەوە خەرجییەکان و پێداچوونەوە بە پەیکەری دەزگا بێ ئەوەی کار لە کوالێتی کارکردنی ئەو دەزگایە بکات لەڕێی لێژنەی چاکسازییەوە چەند هەنگاوێکمان ناوە".
بە گوتەی سەرۆکی گشتیی دەزگای کاروباری مین هەنگاوەکان بریتین لە؛ کەمکردنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلی کرێ لە 237 ئۆتۆمبێلەوە بۆ 193 ئۆتۆمبێل کە بڕی ملیارێک و 730 ملیۆن دینار لە ماوەی ساڵێکدا دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی حکوومەت.
لەبارەی هەنگاوی کەمکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکان و هۆبە و بەشەکانی سەر بە پێکهاتەی دەزگای گشتیی مین محەمەد ئەحمەد گوتیشی: "10 بەڕێوەبەرایەتی و 26 بەش و 91 هۆبە کەم کراونەتەوە کە کۆی گشتییەکەی دەکاتە 127".
سەرۆکی گشتیی دەزگای کاروباری مین ئاشکراشی کرد؛ لەکۆی 12 یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی 6 یاریدەدەر کەم کراوەتەوە، هاوکات سەرجەم یاریدەدەرەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکان کە 31 یاریدەدەر بوون کەم کراونەتەوە و بڕی 50 میلاکیش لە ستافی کارگێڕییەکان کەم کراونەتەوە.
محەمەد ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو؛ بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕوتینیات، بڕیار لەسەر پەیکەڕێکی نوێ بۆ دەزگای گشتیی مین دراوە، بە جۆریک پلەبەندیی سەرۆکی دەزگا و ئاستەکانی خوارەوە کەم بکرێتەوە.
بە گوتەی سەرۆکی گشتیی دەزگای مین بەهۆی چاکسازی لەو دەزگایەدا ساڵانە بڕی 3 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.
باسنيوز
