سەعدی پیرە: کاربۆ یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان دەکەین

 سەعدی پیرە: کاربۆ یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان دەکەین
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەھەوڵدان ببنەوە یەک حیزب و ”ھەوڵەکان لەو بارەیەوە چڕکراونەتەوە“.

رۆژی یەکشەممە 24ـی تەمموزی 2016، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەکەی لە شاری سلێمانی رایگەیاند، بەھۆی ئەوەی لەبنەڕەدا یەکێتی ‌و گۆڕان یەک حیزب بوون، ”بۆیە ئێستا لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە سیاسییەی لەگەڵ گۆڕان ھەمان بووە، کار بۆ یەکگرتنەوە دەکەین ‌و ھەنگاوی پێویستیشمان لەو بارەیەوە ناوە“.

پێشتر ئاماژەی بەوە درابوو، کە یەکێتی و گۆڕان لەدوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی خۆیاندا، باسیان لە چۆنیەتی یەکگرتنەوەی ھەردوو حزب کردووە.

رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2016، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی گۆڕان رێککەوتننامەی هاوبەشیان لەنێوان حزبەکانیان واژۆ کرد.












باسنیوز
Top