هاووڵاتییەكی هەڵەبجە سكاڵا لەدژی وەزیری تەندروستی تۆمار دەكات
هەورامان سەجادی، ئەو هاووڵاتیەی هەڵەبجەیە و لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "منداڵەكەم تووشی (سكچوون و ڕشانەوە) بوو، سەردانی هەموو نەخۆشخانەكانی هەڵەبجەمان كرد، بەڵام داخرابوون، دواتر بردمانە نەخۆشخانەی فریاكەوتن و پزیشكێكی (موقیم) چاوی پێكەوت، گوتی حاڵەتەكە مەترسیدار نییە و كێشەی نییە، چەند چارەسەرێكی بۆ نووسی و هێنامانەوە بۆ ماڵەوە."
هەروەها گوتیشی: "منداڵەكەم لە ماڵەوەی تەندروستیی خراپ بوو و تووشی گەشكە بوو و خەریك بوو گیانی لەدەست بدات، هەندێ چارەسەری فریاكەوتنی سەرەتاییمان بۆ كرد، هۆشی هاتەوە و گەیاندمانەوە نەخۆشخانەی فریاكەوتن، بەڵام لەوێ گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانەی منداڵبوون و لەوێش پزیشك نەبوو کە بیبینێت."
بەگوتەی ئەو هاووڵاتیە"دوای چەند جارێك تەلەفۆنكردنی بۆ پارێزگار و قایمقامی هەڵەبجە و دوای نزیكەی 3 كاتژمێر مانەوە، ئینجا پزیشك هاتووەتە سەر منداڵەكەی، بۆیە ئەمە نیگەرانی كردووە."
ڕاشیگەیاند: "ئەمڕۆ یەكشەممە، لە دادگای هەڵەبجە سكاڵای یاسایم لەسەر وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی شارەزوور تۆمار كرد، چونكە وەزیر كەمتەرخەم بووە لە دابینكردنی پزیشكی پێویست بۆ هەڵەبجە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی و بەڕێوبەری تەندروستیی شارەزوو كە من تەنیا کەس نیم و دوایین کەسیش نابم".
هاوكات فەرهاد قادر، نوێنەری ئەنجومەنی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە، وێڕای دەربڕینی پشتگیری بۆ ئەو هاووڵاتیەی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە دا: "چەندین جار لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار دانیشتووین و سكاڵامان تۆمار كردووە، بەڵام تا ئێستە كێشەكانی كەرتی تەندروستی لە پارێزگای هەڵەبجە چارەسەر نەكراوە و وەزیری تەندروستیش خۆی دانی بەوە ناوە لە سنووری هەڵەبجەدا كێشەی تەندروستی هەیە."
هاوکات د.هونەر جەعفەر، بەرێوەبەری گشتیی تەندورستی شارەزوور ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێك لەو بارەیەوە بدات.
دکتۆر ڕێکەوت حەمەڕەشید، لەسەر پشکی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێستا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری تەندروسییە.
باسنیوز
