سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سیاسەتمەدار و نووسەری باكوور مەهدی زانا دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سیاسەتمەدار و نووسەری باكوور مەهدی زانا دەكات
ڕۆژی یەكشەممە 24ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سیاسەتمەدار و نووسەری باكووری كوردستان مەهدی زانا كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ تێكۆشەریی و ماندووبوونی مەهدی زانا هەبوو لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی نەتەوەییدا و دەستخۆشی لە كار و چالاكییەكانی كرد و ڕۆڵی ئەوەی بەرز نرخاند.
هەر لەم دیدارەدا باس لە بارودۆخی سیاسیی توركیا و كۆسپەكانی بەردەم خەباتی نەتەوەیی و دیموكراسی گەلی كورد لە توركیا كرا و هەردوولا نیگەرانیی خۆیان نیشاندا بەرانبەر بارودۆخی ئەمنی و ئابووریی گەلی كوردستان لە باكوور.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر ئاییندەی كوردستان و بیروڕا لەبارەی هەنگاونان بەرەو پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووس لە باشووری كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا.
Top