ڕاوێژکار و سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆسرەت ڕەسول عەلی:دەستلەکار دەکێشمەوە، چونکە هەستدەکەم کارەساتێکى گەورەى بەشکردنى نێو ماڵى کورد بەڕێوەیە“

 ڕاوێژکار و سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆسرەت ڕەسول عەلی:دەستلەکار دەکێشمەوە، چونکە هەستدەکەم کارەساتێکى گەورەى بەشکردنى نێو ماڵى کورد بەڕێوەیە“
ڕاوێژکار و سکرتێری ڕۆژنامەوانیی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی پێشکەش بە یەکێتی کرد و ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەبەر ئەوەی پێش 22 ساڵ لە پارتییەوە چووەتە نێو یەکێتی و میدیاکانی حزبەکەشی ”ئیستفزاز“یان کردووە.



سەمەد زەنگەنە، ڕاوێژکار و سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، لە بەرواری 14\7\2016دا، نامەیەکی دەست لەکار کێشانەوەی پێشکەش بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە.



لەو نامەیەدا زەنگەنە دەڵێت: ”داوا لە بەڕێزتان دەکەم، دەست لەکار کێشانەوەم لە ڕیزەکانى (ى.ن.ک) قەبوڵ بفەرموون، پێویست بە خۆ ناساندنیش ناکات، هەمووتان دەمناسن، ڕاوێژکار و بەرپرسى نووسینگەى ڕاگەیاندنى جێگرى یەکەم و ڕاوێژکارى پرسە گورگانەى جێگرى دووەم و ناسراوى فیکری و مەعریفیى لێپرسراوى دەستەى کارگێڕى و کارم لەگەڵ زۆربەى ئەندامانى مەکتەبى سیاسیدا کردووە“.



ڕاوێژکارەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە بەهۆی ئەوەی لە نێو هیچ باڵێکی یەکێتیدا نەبووە، هەر جارەی لە لایەن باڵێکەوە سزا دراوە، تەنانەت جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیش بە گومانی تێکەڵبوونی ڕاوێژکارەکەی لەگەڵ باڵێکی دیکە، بە نووسراوێک گواستوویەتیەوە.



سەمەد زەنگەنە لەو نامەیەدا ئاماژەی بەوە داوە کە 22 ساڵ لەمەوبەر لە پارتی دیموکراتیی کوردستانەوە چووەتە نێو ڕیزەکانی یەکێتی، بەڵام لەم ماوەیەدا و دوای ئەوەی هیوا جەوهەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، چووەتە نێو ڕیزەکانی پارتییەوە: “مەکینەى ڕاگەیاندنە سەقەتەکەش بێ ئەوەى هەست و شعوورى خەڵکانى دى ڕاگرن، دەڵێن و دەنووسن، ئەوە کۆنە پارتى بوو بۆیە گەڕایەوە”. دووپاتیشی کردووەتەوە کە ئەم دەربڕینە دەیسەلمێنێت ئەوان تا ماون، بە چاوی (دەخیل) لێیان دەڕواندرێت و دەڵێت: “منیش (22) ساڵە دەخیل و تابع و خزمەتکارى ئێوەم، هەرچى پێمکرا لە خزمەتى ئایدۆلۆژیا و ڕووناکبیرى و مەعریفەى حزبیدا بۆ ئێوە و یەکێتیم کردووە، کەچى هەر تابع و پاشبەند و ئەسپى ژێر عارەبانە بووم، پرسیار لە خۆتان دەکەم: چەن کەس کە لاى من و بەشى ڕوناکبیرییەکەى من وانەى مەعریفى و حزبى خوێندووە، کردتان بە ئەندامى پەرلەمان و سەرکردایەتى و وەزیر و....هتد، بەڵام بە منتان ڕەوا نەبینى بمکەن بە بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتێکدا؟”.








باسنيوز
Top