ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە
ڕاشیدەگەیێنین كە یادداشتی لێكتێگەییشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و ئەمەریكایش بەڵێنی فراوانكردنی هاوكاریی دارایی و پشتیوانی ئاسمانی و دابینكردنی چەك و كەلوپەلی پزشكی و سووتەمەنی و خۆراك لە یادداشتەكەدا بە هێزی پێشمەرگە داوە. ئێمە سوپاسی بەشداریی ئەمەریكا لەشەڕی داعش و پشتیوانیكردنی پێشمەرگە دەكەین. لەگەڵئەوەیشدا هێزی پێشمەرگە ماوەی دوو ساڵە بێ ئەوەی هیچ لایەنێك هاوكاریی دارایی كردبێت شەڕی پاراستنی بەها و خاك و خەڵك و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كردووە و شەڕی تیرۆر پڕەنسپیپێكی نەگۆڕی ئێمەیە و بەشێكە لە سیاسەتی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان كە خاوەن قەزییەكی ڕەواییە و پەیوەست نییە بە هاوكاریی دارایی هیچ لایەك.
لە لایەكی ترەوە ئامادەبوونی پێشمەرگە بۆ شەڕی ئازادكردنی موسڵ شتێك نییە تازە بێت و بە یادداشتی لێكتێگەیشتن و هاوكاریی دارایی بەسترابێتەوە. ساڵێك زیاترە هێزی پێشمەرگە ئامادەی ئەو شەڕەیە بەڵام هێزە عێراقییەكان ئامادە نەبوونە. چەند جاریش سەرۆك بارزانی جەختی لە ئامادەبوونی پێشمەرگە كردووەتەوە بۆ شەڕی ئازادكردنی موسڵ.
هەروەها چەند مانگ بەر لە یادداشتی لێكتێگەییشتن لەپێناو ئامادەكاری بۆ شەڕی موسڵ هەرێمی كوردستان ڕێگەی بە هێزە عێراقییەكان داوە لە مەخموور جێگیر ببن و ئەوەیش هەر هەمووی لەپێناو شەڕی تیرۆریستان و لەناوبردنیان. دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و باری قورسی شەڕ و بوونی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی و دواكردنی هاوكاریی دارایی بۆ هێزی پێشمەرگە چڕ كردەوە و سوپاسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكەین كە بە پیر ئەو داوایای هەرێم هاتووە.
بە هەموو لایەكیش ڕادەگەیێنین كە تفەنگی پێشمەرگە بۆ كرێ نییە، تفەنگی پێشمەرگە تەنیا بە بڕیاری گەل و لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان تەقە دەكات و مۆڵەت لە كەسی تر وەرناگرێت و ئەگەر چەند كەسێك لە بەغدا وا ئەزانن تفەنگی پێشمەرگە بۆ كرێیە و بە مەرج و مۆڵەتی ئەوان یان كەسی ترە، ئەوە بە هەڵەدا چوونە و هەر كاتێكیش هەست كرا مامەڵەی نابەجێ لەگەڵ قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگەدا دەكرێت ئەوە پێشمەرگە سەرجەم هەماهەنگی و كارە هاوبەشەكانی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان ڕادەگرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە.
23ـی 7ـی 2016
