بارزانی لە وڵاتانی ھاوپەیمان نیگەرانە

بارزانی لە وڵاتانی ھاوپەیمان نیگەرانە
لەبارەی بەشدارینەكردنی شاندی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی وڵاتانی ھاوپەیمانی دژی داعش لە واشنتن، بارزانی ھاتەدەنگ و مامەڵەی حكومەتی عێراق بە نابەجێ وەسف دەكات، دەشڵێت" ھاوپەیمانان خەمساردن".

رۆژی شەممە 23-7-2016 لە پیرمام، مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا بەسەرۆكایەتی جاناتان كۆھن، جێگری باڵیۆز كۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوی كۆبوونەوەكە، پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق تاووتوێكران و رۆشنایی خراوەتە سەر ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ، ھەروەھا باسی كۆنفرانسی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە شاری واشتن كراوە.

لەمبارەیەوە بارزانی نیگەرانی ھەرێمی كوردستانی بە شاندەكە راگەیاندووە، لەبارەی مامەڵەی نابەجێی حكومەتی عێراق و خەمساردی ھاوپەیمانان بۆ بەشداربوونی شاندی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسەكەدا، لەكاتێكدا پێشمەرگە ھێزی سەرەكیی شەڕی دژی داعشە.

بارزانی بە شاندەكەی ئەمریكای راگەیاندووە "ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا قارەمانانە گیانی خۆی فیداكردووە و تیرۆریستانی داعشی تێكشكاندووە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی خاك و كەرامەتی گەلەكەی و پارێزگاریكردن لە بەھاكان، بەبێ ئەوەی ھیچ لایەك ھاوكاریی دارایی پێشكەشی پێشمەرگە كردبێت. پێشمەرگە دەیان ساڵە لەپێناو قەزییەكی رەوا و پاراستنی وڵاتەكەی شەڕ دەكات و بەھای دڵۆپێك خوێنی پێشمەرگە بەھیچ شتێك ناپێورێت".

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی كوردستانیش بارزانی روونیكردووەتەوە، ھۆشیاری گەلی كوردستان و رای گشتی لە ئاستێكی باڵادایە و سەرباری بوونی ناكۆكیی سیاسی، حیزبەكان پابەندی ئامانجە ستراتیژییەكانی گەلی كوردستانن.

كۆتایی ئەم ھەفتەیە لە واشنتن ھاوپەیمانانی دژی داعش دوو كۆنفرانسیان سازكرد، یەكێكیان دەربارەی شەڕی داعش و ئەوەی دیكەش بۆ كۆكردنەوەی پارە و كۆمەك بوو بۆ عێراق. بەشدارینەكردنی شاندی ھەرێمی كوردستان لەو دوو كۆنفرانسەدا كاردانەوە و نیگەرانی بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە.





رووداو
Top