ناکۆکیی نێوان باڵەکانی ناو یەکێتی دەست پێ دەکاتەوە
ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە یەکێتی، کە لە لایەن باڵەکانی ئەو حزبەوە هاوکاریی داراییان پێشکەش دەکرێت، لە دوو ڕۆژی ڕابردووەوە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، چەند ماڵپەڕ و پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە سەر بە باڵەکانی یەکێتین، چەند هەواڵێکیان لە دژی یەکتر داناوە. لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ شەممە 23\7\2016، ماڵپەڕێکی نزیک لە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە بە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی دەژمێردرێت، هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: “بەرپرسی ڕاگەیاندن و ڕاوێژکارەکەی کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستی لەکار کێشاوەتەوە”.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی سیاسیی ناو یەکێتی ڕایگەیاند، لەم چەند ڕۆژەدا و دوای ئەوەی نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، سەردانی سلێمانی کرد، ناکۆکیی نێوان باڵەکانی یەکێتی جارێکی دیکە سەری هەڵداوەتەوە، بۆیە لە ڕێگای ماڵپەڕەکانەوە قسە بەرامبەر بە یەکتر دەکەن.
پێشتر نەوزاد ڕەسوڵ، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “لە ڕاستیدا بابەتی جیاوازیی بۆچوون لەناو باڵەکانی یەکێتیدا هەیە، بەڵام دەرکەوتووە کە یەکێتی بەو جیاوازییانەوە جوانە، لەهەمان کاتدا ئەو جیاوازییانە بوونەتە مایەی بەهێزبوونی یەکێتی نەک لاواز بوون”.
بە گوتەی نەوزاد ڕەسوڵ، سرووشتی یەکێتی وایە کە لە ناوخۆیدا بیروبۆچوونی جیاوازی هەبێت، بۆیە دەڵێت: “ئەوەی ڕووی داوە، نابێتە هۆی ناکۆکی لەناو یەکێتی، بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی".
باسنیوز
