''رێككەوتنی گەورەتر و فراوانتر له‌ نێوان هەرێم و ئەمەریكادا دەكرێت"

 ''رێككەوتنی گەورەتر و فراوانتر له‌ نێوان هەرێم و ئەمەریكادا دەكرێت
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، واژۆكردنی پرۆتۆكۆڵەكەی نێوان هەرێم و ئەمەریكا دەستكەوتێكی ئێجگار گەورەیە و، ددانپێدانانە بە دەوڵەتی كوردستان.

(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو پڕۆتۆكۆڵەی لە ماوەی رابردوودا لە نێوان هەرێم و ئەمەریكا لە بواری سەربازیدا واژۆ كرا، دەستكەوتێكی ئێجگار گەورەیە بۆ هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی ئەمە ددانپێدانانێكی فەرمییە نەك تەنیا بە هێزی پێشمەرگە، بەڵكو بە دەوڵەتی كوردستان، چونكە بەپێی سیستەمی فیدراڵی هەر گرێبەستێكی سەربازی بكرێت، پێویستە حكومەتی ناوەندی بیكات".

(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "كاتێك وڵاتێكی زلهێزی وەكو ئەمەریكا دێت رێككەوتنێكی سەربازی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، كە هاوكاریی پێشمەرگە بكات لە شەڕی داعش، ئەمە خۆی لە خۆیدا ئەوە دەگەیێنێت كە تەماشای هێزی پێشمەرگە دەكرێت بەوەی كە بەشێك نییە لە هێزی بەرگریی عێراق و، دێن راستەوخۆ رێككەوتن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەكەن، بۆیە هیوادارین ئەمە ببێتە مایەی خێر بۆ هێزی پێشمەرگە و هەموو خەڵكی كوردستان".
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری ڕوونیشی كردەوە: "ئەو رێككەوتنە بەردەوام دەبێت و من پێم وایە رێككەوتنی گەورەتر و فراوانتریش دەكرێت".











KDP
Top