حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشەکەی میونشن دەکات
شەوی هەینی 22-7-2016، گەنجێکی 18 ساڵانی ئەڵمانی بەڕەگەز ئێرانی هێرشی چەکداریی کردە سەر بازاڕێکی شاری میونشن و تەقەی لەو خەڵکە کردکە لە دەورووبەری فرۆشگای ماکدۆناڵدز کۆبووبوونەوە. لە ئەنجامدا 9 کەس کوژران و 21 کەسی دیکەشی بریندار کرد، دواتریش خۆی کوشت.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە توویتێکدا لە ئەکاوەنتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر رایگەیاند: "بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەی سەر خەڵکی سڤیل لە شاری میونشن دەکەین، دڵمان لای قوربانییەکانە و نزایان بۆ دەکەین".
هوبێرتوس ئاندریا، بەڕێوەبەری پۆلیسی میونشن گوتی: "تەرمی کەسێک دۆزراوەتەوە، کە وا دەردەکەوێت تەرمی هێرشکەرەکە بێت و خۆی کوشتبێت. ئەو گەنجێکی 18 ساڵەی ئەڵمانیی بەڕەگەز ئێرانییە و دانیشتووی میونشنە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان هیچ بەڵگەیەک نییە کە کەسانیتر لەم کارەدا بەشدار بووبن. بەکەسە گومانلێکراوەکەوە 10 کەس کوژراون، 21 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون، 16یان لەوێ ماونەتەوە، باری 3 کەسیان ناجێگیرە."
رووداو
