كوردانى شه‌به‌ك: هه‌وڵ ده‌ده‌ین، ناوچه‌كه‌مان ببێ پێنجه‌م پارێزگای هه‌رێمی كوردستان
(سالم جومعه شه‌به‌ك) سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ڕاوێژكارانى شه‌به‌ك و نوێنه‌رى كۆتاى شه‌به‌ك له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوتى: "وه‌ك شه‌به‌ك ئاماده‌كارى ده‌كه‌ین بۆ به‌ستنى كۆنفرانسێك له‌باره‌ى ئاینده‌ى شه‌به‌ك بۆ دواى نه‌مانى داعش، به‌م نزیكانه له هه‌ولێری پایته‌خت ساز ده‌درێ و 400 كه‌س تێیدا به‌شدار ده‌بن، حكوومه‌تى هه‌رێم و هه‌وڵ ده‌ده‌ین حكوومه‌تى عێراقیش بێنه كۆنفڕانسه‌كه‌مانه‌وه.''
سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ڕاوێژكارانى شه‌به‌ك گوتیشى: "ده‌مانه‌وێت ئه‌و كۆنفرانسه بكه‌ین به نه‌خشه‌رێگایه‌ك بۆ شه‌به‌ك و ئاینده‌ى شه‌به‌ك له ناوچه‌كانى خۆمان دواى داعش و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ برایانمان له ئیزدى و مه‌سیحى و كاكه‌یى، هه‌روه‌ها مادده‌ى 140 كه لاى ئێمه نه‌ماوه و ته‌واو ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر هه‌رێمى كوردستان. به‌هه‌موولایه‌ك راده‌گه‌یێنین به‌شێكین له هه‌رێمى كوردستان، ئێمه كوردین و له كه‌س قه‌بووڵ ناكه‌ین موزایه‌ده بكات له‌سه‌ر ئاینده‌مان، چونكه داهاتوومان له‌گه‌ڵ مووسڵ نابێت كه 1384 شه‌هیدمان داوه وه‌كو شه‌به‌ك و 208 كه‌سیشمان له ده‌ستى تیرۆریستانى داعشدان و بێسه‌روشوێنن و هیچیان له‌باره‌یه‌وه نازانین تاكو ئێستا.''
(سالم شه‌به‌ك ) زیاتر گوتیشى: "داعش ئه‌گه‌ر كۆتاییش بێن له رووى سه‌ربازییه‌وه، به‌ڵام فیكره‌كه‌یان ده‌مێنێت، له‌سه‌رمانه كه ده‌بێت به جیددى دژیان بوه‌ستینه‌وه، بۆیه ئێمه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و ده‌شتى نه‌ینه‌وایش ده‌مانه‌وێت ببێته پێنجه‌مین پارێزگاى كوردستان دواى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه و ئاڵاى كوردستانى له‌سه‌ر بشه‌كێته‌وه.''
ده‌شڵێت: "رێزمان بۆ هێزه‌كانى تر هه‌یه، به‌ڵام هیچ هێزێكى ترمان قه‌بووڵ نییه بێته ناوچه‌كانمانه‌وه، چونكه ئێمه هێزى پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه و ئێمه به‌شێكین له‌و هێزه و لیوا و فه‌وجمان هه‌یه له‌ژێر فه‌رمانه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یه؛ تاكه‌هێزیش پێشمه‌رگه‌یه ده‌توانێت ناوچه‌كانمان ئازاد بكات و بپارێزێت.''
KDP
