راوێژکارێکی پێشووی مالیکی نهێنییەکی سەردانەکە ئاشکرا دەکات

 راوێژکارێکی پێشووی مالیکی نهێنییەکی سەردانەکە ئاشکرا دەکات
راوێژکاری پێشووی مالیکی نهێنیی سەردانی سەرۆکی حزبی دەعوەی عێراقی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ئاشکرا دەکات.

عادل بەرواری، راوێژکاری پێشووی نوری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە و سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق بۆ کاروباری هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ مالیکی، "هیچی لەبەرژەوەندی کورددا نییە، چونکە مالیکی دژی هەرێمی کوردستانە، هەر ئەویش بوو قوتی خەڵکی کوردستانی بڕی".

پێشتر محەمەد سەیهود، پەرلەمانتارێکی نزیک لە نووری مالیکی رایگەیاندبوو، مالیکی بۆیە چووەتە سلێمانی، "تا هاوپەیمانێتییەکی نوێ پێکبهێنێ و لە رۆژانی داهاتووش هاوپەیمانێتییەکە رادەگەیەنرێ".

عادل بەرواری پێیوایە ئەو رێککەوتنەی یەکێتی و گۆڕان لەلایەک و ناوری مالیکی لەلایەک، "دەمێکە هەیە و لەبەرژەوەندیی کورددا نییە" و رایگەیاندووە، هاتنی مالیکی بۆ سلێمانی بۆ وەڵامدانەوەی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان نەبووە، بەڵکو "بۆ رێککەوتنی خۆی بووە لەگەڵ یەکێتی و گۆڕاندا".

ئەو راوێژکاری پێشووی مالیکی هەروەها رایگەیاندووە، کە سەردانی شاندی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان بۆ بەغدا لە مانگی حوزەیرانی 2016 "بۆ بەھێزکردنی ئەو ھاوپەیمانیەتییە بووە، نەک بۆ ئەوەی باس لە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان بکەن، لەبەر ئەوەی ئەو ھاوپەیمانێتییەی لە نێوان مالیکی و یەکێتی و گۆڕاندا ھەیە زۆر بەھێزە".

رۆژی 17ـی تەمموزی 2016، نوری مالیکی بە سەردانێک گەیشتە سلێمانی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لەلایەن بەرپرسانی باڵای یەکێتی و گۆڕان پێشوازی لێکرا، دواتر لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆ بووەوە.

مالیکی، کە پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، لە سەردەمی ئەودا بودجەی کوردستان بڕدرا و هیچ هاوکارییەکی هێزەکانی پێشمەرگە نەکرا و رێگرییشی لە گەیشتنی هاوکاریی وڵاتان بۆ پێشمەرگە، دەکرد.







باسنيوز
Top