هێرشەكانی حزبی دیموكرات حكومەتی تاران دەتۆقێنێ

 هێرشەكانی حزبی دیموكرات حكومەتی تاران دەتۆقێنێ
عەبدولرەزا رەحمانی فەزلی وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند کە دوای ٢٠ ساڵ جارێکی تر پێشمەرگەکانی سەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هێرشی چەکداریان بۆ سەر وڵاتەکەی دەست پێکردووەتەوە.


ئاژانسی نیمچەرەسمی ئێرانی میهر هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا باس لەوە دەکات وەزیری ناوخۆ لە میانی کۆبوونەوەیەکیدا لە تارانی پایتەخت باسی لەوە کردووە کە گرووپێکی چەکداری کوردی لە شارەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و شارەکانی کوردستان هێرش ئەنجام دەدەن و شەڕوپێکدادان رووی داوە، ئەویش دوای ٢٠ ساڵ ئەو هێرشانە ئەنجام دەدرێت لەلایەن کۆمەڵە و دیموکراتەوە.


ئەو وەزیرەی ئێران باس لەوەش دەکات کە ئەو پارتانە لە رۆژهەڵاتی ئێراندا بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش چەند تونێلێکیان هەڵکەندووە و لەلایەن ئێرانەوە هەوڵی رووخاندنیان دەدرێت و بەو بۆنەیەشەوە ٤٠ کەس دەستگیر کراون.


رەحمانی فەزلی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو گرووپانە خوازیارن پێکدادانەکانی ناوچەکە بۆ ئێران بگوازنەوە.


رەحمانی فەزلی گوتی "ناوچەکە لە ناسەقامگیرییەکی گەورەدایە، هاوشێوەی جەنگی جیهانی. گرنگترین نموونەی ئەمەش، ئەو کودەتا شکستخواردووەی ناو تورکیایە کە تەواوی سیاسی و شیکەرەوەکانی تووشی سەرسوڕمان کردووە. ئەو وڵاتانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن زۆر بەهێزن دەشێت لە شەو و رۆژێکدا رووبەڕووی دۆخێک ببنەوە کە چاوەڕێیان نەدەکرد.


رەحمانی فەزلی لەبەشێکی تری گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە دوای ٢٠ ساڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە دەستیان کردۆتەوە بە شەڕی چەکداری لە رۆژئاوای وڵاتدا و راشیگەیاند کە لە پێکدادانەکانی ١٥ ی حوزەیرانی ئەمساڵدا لەنێوان سەربازانی ئێرانی و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا دەیان کەس گیانیان لەدەست داوە و دواتر سوپای ئێران بۆردومانی ناوچە شاخاوییەکانی سۆرانیان کردووە لە هەرێمی کوردستانی عێراق.



باسنیوز
Top