سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا دەكات
ڕۆژی پێنجشەممە 21ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئاندرێ ڤالینی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ئاڵان گیبغات كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و یاریدەدەری وەزیری دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی فەڕەنسای كرد كە پاڵپشت و هاوسۆزی گەلی كوردستان بوونە و سوپاسی سەرۆك هۆڵاندیشی كرد كە لە كاتێكی هەستیار و لەو كاتەی كوردستان لەشەڕدا بوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و ئەوەیش مانایەكی زۆر تایبەتی هەیە و گەلی كوردستان لەبیری ناكات. سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوە تیرۆریستییەكەی شاری نیس كرد و ڕایگەیاند ئەو ڕووداوە بە ڕوونی پێشان دەدات كە تیرۆر دوژمنی هەموو لایەكە و هەڕەشەیشە بۆ سەر هەموو جیهان. سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان ڕێزێكی تایبەتی بۆ گەلی فەڕەنسا هەیە و بە دۆستێكی نزیكی خۆی دەزانێت و دەستخۆشیشی لە تیمە سەربازییە فەڕەنسییەكان كرد كە لە شەڕی تیرۆردا یارمەتیی هێزی پێشمەرگەیان داوە. لەدرێژەی قسەكانیشیدا وێڕای ئاماژەدان بە سەرهەڵدانی تیرۆر و پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان ڕۆشنایی خستەسەر ئازادكردنی موسڵ و جەختی لەوە كردەوە كە لەپێناو پاراستنی پێكهاتەكان و دووبارەنەبوونەوەی كارەسات لەبەرانبەر خەڵكی ناوچەكە بە تایبەت ئێزیدی و مەسحییەكان پێویستە ڕێككەوتنی سیاسی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا لەدوای ئازادكردنی موسڵ هەبێت و هەرێمی كوردستانیش پاڵپشتی ڕێگەیەك دەكات كە دڵنیایی بداتە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان.
هەر لەم دیدارەدا وەزیری دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا بە سەرۆك بارزانیی ڕاگەیاند كە هەڵگری پەیامی سەرۆك هۆڵاندە بۆ دووپاتكردنەوەی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا و ئەوەیشی خستەڕوو كە فەڕەنسا پشتیوانی گەلی كوردستانە لە شەڕی تیرۆریستان و دڵنیایشە كە گەلی كوردستان سەردەكەوێت و ستاییشی هەوڵە مرۆییەكانی گەلی كوردستانی كرد لە یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەوماوان و ڕایگەیاند كە جیهان ئاگاداری قوربانیدان و ئازایەتیی پێشمەرگەیە و بە چاوی ڕێزەوە سەیری مرۆڤدۆستی خەڵكی كوردستان دەكات.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە هەڕەشەكانی تیرۆر و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە شەڕی فكریی تیرۆر و توندڕۆیی بكرێت و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ڕۆڵی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە شەڕی هزری تیرۆر و گرنگ و یەكلاییكەرەوەیە.
ئاییندەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.
Top