جەودەت نەجاڕ: دوارۆژی تورکمان بەسراوەتەوە بە ئایندەی كوردەوە

 جەودەت نەجاڕ: دوارۆژی تورکمان بەسراوەتەوە بە ئایندەی كوردەوە
ئەندامی سەربەخۆی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، (سەرۆك بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان تاكە سەركردەیە لە هەرێمی كوردستاندا كە گوێ لە توركمانەكان بگرێت؛ هەروەها باشترین ڕێگە بۆ توركمانەكان ئەوەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بمێننەوە.

(جەودەت نەجاڕ) ئەندامی سەربەخۆی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوت: "لەوەتی عێراقیان دەمەزراند، تورکمانیان وەکو غەوارە بینیوە؛ هیچ حکوومەت و دەوڵەتێکی ئەو بەغدایە، حسابیان بۆ تورکمان نەکردووە؛ بەڵام توركمانەكانی كوردستان وەزعیان زۆر باشە؛ باش بەبیرمان دێت لە سەرەتای ڕاپەڕین و، لەو ئادارە پیرۆزەی ٩١دا توركمان وەكو نەتەوەیەكی سەرەكیی كوردستان سەیر کرا و، مافە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئیدارییەکانی تا ڕادەیەكی زۆر باش دابین کرا؛ یەكەمجار بوو لە میژووی [دەرەوەی توورکیا]، توركمانەكان بتوانن ئازادانە پارت و بزووتنەوە و كۆمەڵەی سیاسی و زۆر دەزگای ڕۆشنبیری و پەروەردەیی بۆ خۆیان دابنێن؛ سەركردایەتیی كورد بە سەرۆكایەتیی (سەروك بارزانی) بەردەوام پشتی نەتەوەی توركمانیشیان گرتووە؛ سەرمان بەوە بەرزە كە بەڕێزیان وشەی كەمینەیان هەڵگرت لەسەر توركمان، كە لە پەرلەمان ڕایگەیاند، توركمان نەتەوەیەكی گەورەیە بۆیە تاكو ئێستاش لە هەموو کۆڕێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بابەتی توركمان لە تەك بابەتەكانی تر بەبێ جیاوازی باس دەكرێت."

گوتیشی: "پاشەڕۆژی توركمان بەسراوەتەوە بە ئایندەی كوردەوە و، كوردیش بەسراوەتەوە بە جوامێری و قارەمانەتییەکەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە؛ جا بۆیە ئێمەی توركمان دەڵێین، باشترین ڕێگە بۆ توركمان ئەوەیە ببێتە بەشیك لە هەرێمی كوردستان؛ ئەوەتا هەموو مافێکمان بە شێوەیەكی سیستەماتیك بۆ چەسپێندراوە و، دەبینە دووەم نەتەوە؛ هەروەها تەواو دڵنیایشین كە (بارزانی) دەستبەرداری ئێمە و مافەكانمان نابێت و، تاكە سەركردەی هەرێمی كوردستانە كە گوێ لە توركمانەكان دەگرێت".










KDP
Top