جەبار یاوەر: ئەو بڕەپارەی ماکۆرگ باسی کردووە پشکی پێشمەرگەشی لێدراوە

 جەبار یاوەر: ئەو بڕەپارەی ماکۆرگ باسی کردووە پشکی پێشمەرگەشی لێدراوە
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، لێدوانەکەی برێت ماکگۆرک، نوێنەری تایبەتیی باراک ئۆباما بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، لەبارەی تەرخانکردنی بودجە بۆ شەری داعش، ئەو پارەیە دەگرێتەوە کە پێشمەرگە وەری گرتووە.

پاش ئەوەی لە تویتێکدا برێت ماکگۆرک، نوێنەری تایبەتیی ئۆباما بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، ڕای گەیاند، بڕی 2 ملیار دۆلاریان بۆ ئەو ناوچانە تەرخانکردووە کە لەژێر دەستی داعش ڕزگار کراون. ئەمڕۆ پێنجشەممە 21\7\2016، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕابگەیاند: “ئەو بڕەپارەیە کۆکراوەی ئەو پارانەیە کە پێشووتر داویانە بە عێراق و هەرێمی کوردستان، واتە هیچ بڕیارێکی تازە لە بارەی پێدانی بودجە بۆ شەڕی داعش نییە”. گوتیشی: “415 ملیۆن دۆلار دانراوە بۆ مووچەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، 30 ملیۆن دۆلار بۆ ئازوقە و سوتەمەنی بۆ پێشمەرگە دانراوە، 15 ملیۆن بۆ ئالیەتی یەدەگ، شتی دیکەش واتە کە ئێمە بەشمان وەرگرتووە لەو بڕە پارەیە".

یاوەر ئەوەشی ئاشکرا کرد: “ئەوەی باس کراوە هی میزانیەی 2016 و 2015یە کە خۆیان تەرخانیان کردووە، بەس ئەوان بە شێوەی کۆ باسی دەکەن".











باسنیوز
Top