جەبار یاوەر: ئەو بڕەپارەی ماکۆرگ باسی کردووە پشکی پێشمەرگەشی لێدراوە
پاش ئەوەی لە تویتێکدا برێت ماکگۆرک، نوێنەری تایبەتیی ئۆباما بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، ڕای گەیاند، بڕی 2 ملیار دۆلاریان بۆ ئەو ناوچانە تەرخانکردووە کە لەژێر دەستی داعش ڕزگار کراون. ئەمڕۆ پێنجشەممە 21\7\2016، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕابگەیاند: “ئەو بڕەپارەیە کۆکراوەی ئەو پارانەیە کە پێشووتر داویانە بە عێراق و هەرێمی کوردستان، واتە هیچ بڕیارێکی تازە لە بارەی پێدانی بودجە بۆ شەڕی داعش نییە”. گوتیشی: “415 ملیۆن دۆلار دانراوە بۆ مووچەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، 30 ملیۆن دۆلار بۆ ئازوقە و سوتەمەنی بۆ پێشمەرگە دانراوە، 15 ملیۆن بۆ ئالیەتی یەدەگ، شتی دیکەش واتە کە ئێمە بەشمان وەرگرتووە لەو بڕە پارەیە".
یاوەر ئەوەشی ئاشکرا کرد: “ئەوەی باس کراوە هی میزانیەی 2016 و 2015یە کە خۆیان تەرخانیان کردووە، بەس ئەوان بە شێوەی کۆ باسی دەکەن".
باسنیوز
