كەسوكاری شەهیدان دادەمەزرێن.. سەردانمان بكەن

 كەسوكاری شەهیدان دادەمەزرێن.. سەردانمان بكەن
بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران، ئاگاداری كەسوكاری شەهیدان دەكاتەوە، ئەوانەی دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكانن، بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن، بۆ ئەو مەبەستەیش رۆژی یەكشەممە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بكەن.

(ئەشقی مەلا)، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كورستان گوتی: "بۆ زیاتر خزمەتكردن بە كەسوكاری شەهیدان و دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر و قسەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكان و زانكۆ و پەیمانگا ئەهلییەكانی ناوچەكە، دەست دەكەین بە تۆماركردنی ناوی كوڕ و كچ و خوشك و برای شەهیدان، ئەوانەی دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكانن، بە مەبەستی دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست، بەو مەرجەی مووچەخۆر نەبن و دەوامیان لە هیچ شوێنێكی حكوومی نەبێت".

(مەلا) روونیشی كردەوە: "دەرچووانی هەر سێ شارۆچكەی سۆران، چۆمان و رواندز دەتوانن رۆژی یەكشەممە سەردانمان بكەن، دەرچووانی زانكۆكان لە هەندێك قوتابخانەی ئەهلی وەك مامۆستای وانەبێژ و قوتابیانی پەیمانگاكان وەك مامۆستای باخچەی ساوایان و ژمارەیەكیش بۆ چەند كۆمپانیای جیاجیا وەك كارمەند دادەنرێن، بۆیە بۆ ئەو مەبەستە داوایان لێ دەكەین سەردانمان بكەن".







KDP
Top