بە پرۆژەی ئاوی هەڵەبجە و تۆری ئاوی سلێمانی ... وەزارەتی شارەوانی ئاو بۆ 170 هەزار كەس دابین دەكات

بە پرۆژەی ئاوی هەڵەبجە و تۆری ئاوی سلێمانی ... وەزارەتی شارەوانی ئاو بۆ 170 هەزار كەس دابین دەكات
بە پرۆژەی ئاوی هەڵەبجە و تۆری ئاوی سلێمانی ...
وەزارەتی شارەوانی ئاو بۆ 170 هەزار كەس دابین دەكات
دوای سێ‌ ساڵ لە دانای بەردی بناغەی لەلایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی-سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پرۆژەی ئاوی هەڵەبجە گەیشتە 170 هەزار كەسی خەڵكی ناوچەكە.
بە ئامادەبوونی نەورۆز مەولود-وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و نوێنەری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی ژاپۆن و نوێنەری باڵیۆزی كۆریای باشوور و وەزیری شەهیدان و پارێزگار و قایمقامی هەڵەبجە،قۆناغی یەكەمی پرۆژەی ئاوی هەڵەبجەی شەهید و سەید-سادق و سیروان كەوتە كار.
ئەو پرۆژەیە 50 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ 170 هەزار كەس لە هەڵەبجە تا ساڵی 2020 دابین دەكات،لە قۆناغی دووەمیشدا دەتوانرێت تواناكەی بگەیەنرێتە 100 هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێكدا كە پێویستی دانیشتووانەكە لە ئاوی خواردنەوە تا ساڵی 2032 دابین دەكات،پرۆژەی ئاوی هەڵەبجە ڕاكێشانی تۆڕی ئاو لەنێو شاری هەڵەبجە بەدرێژیی نزیكەی 200 كیلۆمەترو بۆڕی گواستنەوەی ئاو بەدرێژی 42 كیلۆمەتر لەگەڵ چەند تانكیەك و ئەمباری ئاوی كۆنكریتیش دەگرێتە خۆ..
لە وتەیەكیدا لە مەراسیمی كردنەوەی پرۆژەكەدا،نەورۆز مەولود-وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند:لەچوارژێوەی هەمان پرۆژەدا لەشاری سلێمانی تۆڕەكانی كۆنی ئاو لە چەند گەڕەكێك بەدرێژی 220كیلۆمەتر گۆڕدراون .
وەزیری شارەوانی زیاتر گوتی:لەنێو چەندەها شوێنی دیاریكراودا،بەڕێز نێچیرڤان بارزانی-سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوكاتە شاری هەڵەبجە و دەوروبەری بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە هەڵبژارد بۆ ئەوەی بیكاتە دیاری خەڵكەكەی وەك وەفادارییەك بەرامبەر خەبات و قوربانیەكانی ئەو شارە.
وەزیری شارەوانی گوتیشی: وێڕای قەیرانی دارایی حكومەت،وەزارەتی شارەوانی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی نەوەستاوە و سیستەمێكی نوێی لە كۆكردنەوەی داهاتەكان و بەكاربردنی بەشێك لەو داهاتانە بۆ شارەوانییەكان پیادە كردووە كە بۆتە فریادڕەسێك بۆیان بۆ بەردەوامبوون لە هەندێك لە پرۆژەكان.
لە كۆتایی قسەكانیدا نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار گوتی: لە نێوان چەندەها شوێنی پێشنیاركراو رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شاری هەڵەبجە و دەوروبەری هەڵبژارد بۆ دروستكردنی پرۆژەكە تاوەكو بیكات بەدیاری بۆ خەڵكەكەی، ئەمەش وەك وەفادارییەك بەرانبەر خەبان و قوربانییەكانی هەڵەبجەی شەهید، كە چەندی بۆ بكرێت هێشتا كەمە.
جێی باسە پرۆژەی ئاوی هەڵەبجە بڕی سەدو حەفتاو پێنج ملیۆن و سێ سەد و بیست و یەك هەزار دۆلاری لە ڕێگەی حكومەتی ژاپۆن و ڕێكخراوی جایكای ژاپۆنی بۆ خەرج كراوە بە قەرزی درێژ خایەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە دانەوەی ئەو پارەیە.










Top