نوێنەری بارزانی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی کۆدەبێتەوە
بەپێی ئەو زانیارییەکان، فوئاد حوسێن وەک نوێنەری مەسعود بارزانی، سەرەتا سەردانی گردی زەرگەتە لە سلێمانی دەکات و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە، دواتریش کۆبوونەوەیەک لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات".
لایەنەکان چاوەڕێی ئەوە دەکەن قسەی تازە هەبێت، هەروەها بزووتنەوەی گۆڕان هیواخوازنییە، کە فوئاد حوسێن یەکێک لە بابەتەکانی کە دەیهێنێتە لای بزووتنەوەی گۆڕان، پرسی گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان بێت، چونکە ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە کێشەکە تەنیا پەیوەندی بە سەرۆکی پەرلەمان یان سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە نییە.
بەگوتەی بەرپرسێکی ئاگادار لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا تێڕوانینێکی جیاواز لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە، سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان، هەرچەندە یەکێتی و گۆڕان لە ماوەی رابردوو وەک سەرکردایەتی هاوبەش هەندێک پرس و خاڵیان بڵاوکردبووەوە، سەبارەت بەوەی چۆن پێشوازی لە چارەسەری کێشەکان بکرێت، بەڵام هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پارێزگای سلێمانی، ئێستا هەستدەکرێت لەنێو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا قسەی نوێ هەیە.
هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسە، قسەی نوێ ئەوەیە، ئێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامادەیە پێشوازی لە پرسی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی بکات، هاوکات هەڵوێستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە گۆڕینی، سەرۆکی پەرلەمان یان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئێستا نەرمتر لە جارانە و یان زیاتر لە جاران پێشوازی لەو بابەتە دەکات.
رووداو
