”یەکێتی بە یەکگرتنی لەگەڵ حزبی ئایندە شاگەشکە بووە“
پاش ئەوەی حزبی ئایندە کە قادر عەزیز سەرۆکایەتی دەکات، بڕیاری دا، لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک بگرێتەوە، سەرکردەکانی یەکێتی لە باسکردنی بابەتی یەکگرتنەوەکە بەردەوام قسە دەکەن و بە گرنگ وەسفی دەکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ چوارشەممە 20\7\2016، لە هەواڵێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیدا بڵاو کراوەتەوە، عادل موراد، سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی ڕای گەیاندووە، هاتنە ناوەوەی ئایندە بۆ ناو یەکێتی ”شەرەفمەندانە و نیشتیمانییە“. داواشی لە سەرکردایەتیی یەکێتی کردووە، پۆستێکی باڵا بە قادر عەزیز بدەن. دەشڵێت: ”دەبێت ئەو پۆستە لەگەڵ خەباتی ئەو بگونجێت، داواش دەکەم سەرکردەکانی ئاییندە لە کۆنگرەی چوارەمی یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان بەشداری پێ بکەن“.
عادل موراد داوای لەوانە کردووە کە لە حزبەکەی دابڕاون، بگەڕێنەوە نێو ڕێزەکانی یەکێتی و دەڵێت: “بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان ببەستین، بۆ بونیادنانی عێراقێکی دیموکراتی”. هیواشی خواستووە: “هاتنەوە ناوەوەی ئاییندە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە قەیرانە سیاسی، ئابووری و ئیدارییەکانی هەرێمی کوردستان”.
