ئەم ساڵ كۆمپانیاكانی كشتوكاڵ بە چەند مەرجێك گەنمی باوەڕپێكراو هاوردە دەكەن

ئەم ساڵ كۆمپانیاكانی كشتوكاڵ بە چەند مەرجێك گەنمی باوەڕپێكراو هاوردە دەكەن
گوڵان – بەهادین جەلال

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو مەرجەكانی هاوردە كردنی بنەتۆی گەنمی باوەڕپێكراوی بۆ وەرزی چاندنی 2016-2017 لە لایەن كۆمپانیاكانی كشتوكاڵییەوە راگەیاند، لە گشتاندنێكدا كە وەزارەت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كشتوكاڵی پارێزگاكانی ناردووە چەند مەرجێكی روون كردۆتەوە لەوانە، هاوردەكە دەبێت بە پێی رێنمایی ژمارە (3) ساڵی 2014 بێت كە تایبەتە بە هاوردە كردنی بنەتۆی سەوزەو دانەوێڵە لە هەرێمی كوردستان –عێراق، ئەم جۆرەی كە دەیهێنن دەبێت تەنیا جۆری گەنمی ورد (نان ) رێگای پێدەدرێت،هەروەها دەبێت بنەتۆیەكە لە كۆمپانیای یان دەزگای رەسەنی خۆی هاوردە بكرێ). لە گشتاندنەكەدا هاتووە كە بۆ سەلماندنی رەسەنایەتی و نەبوونی لایەنی دیكەی بەرهەمهێن دەبێت ئەم بڕوانامانەی لەگەڵدابێت ( International Seed Testing Association ISTA) هەروەها ( سەرچاوە ORIGIN CERTIFICATION ،سەلامەتیی تەندروستی PHYTOSANITORY CERTIFICATION) كە ئەم دوانەیان پشتراستكرابێت لە لایەن دیوانی وەزارەتی پەیوەنداری ئەو ووڵاتە و باڵوێزخانە یاخود قونسڵخانەی عێراق یان نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە زمانی ئینگلیزی نووسرابیت، داواشكراوە كە دەبێت كۆمپانیای بەرهەمهێن بەڵگەی پێویست بداتە ئەو كۆمپانیانەی هەرێم یان كە گرێبەستیانی لەگەڵدا هەیە وپەسەند كرابێت لەلایەن باڵوێزخانە یاخود قونسڵخانەی عێراقی یاخود نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو ووڵاتە بەمەرجێك وەرگێڕانی فەرمی بۆ كرابێت، بۆ هەر نووسراوێكی رەزامەندیی هاوردە كردن تەنیا بڕی ( 5000 ) پێنج هەزار تەن رێگەی پێدەدرێت ، پاشان دەكرێت نووسراوی دیكەی رەزامەندی بۆ هەمان كۆمپانیا بكرێت پاش دڵنیا بوون لە هاتنە ژوورەوەی گشت بڕی پێشوو، دوا مەرجیش ئەوەیە كە بە پێی بڕگە (1) ی ماددەی هەشتەم لە رێنماییەكانی سەرەوە لە كاتی هاتنە ژوورەوەی بۆ ناو هەرێمی كوردستان بەشی بەرهەم هێنان و پەسەند كردنی بنەتۆ پشكنینی پێویست ئەنجام دەدات.
Top