نەوشیروان مستەفا بانگەشە بۆ بە دوو هەرێمکردنی باشووری کوردستان دەکات
ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە ژمارەیەک لە کادیرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ڕاگەیاندووە، لەگەڵ دوو ئیدارەیی هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵام باوەڕی بەوە هەیە کە گرنگە دوو هەرێم لە کوردستانی باشووردا دروست ببێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک کادیری هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانیان کردووە، لە میانی گفتوگۆکانیاندا پێیان گوتووە، پێویستە ڕێگری لە دوو ئیدارەیی بکرێت. لە بەرامبەر ئەو قسانەشدا، نەوشیروان مستەفا گوتوویەتی: ”من لەگەڵ دوو ئیدارەیی نیم، کاریشم بۆ نەهێشتنی کردووە، بەڵام دەبێت ئەو واقیعە بزانن کە سلێمانی لەگەڵ هەولێر و دهۆک، دوو هەرێمی جیاوازن، دوو کولتووری جیاواز، دوو گرووپی بەرژەوەندیی جیاواز، دوو بەرەی سیاسیی جیاوازین، ئەمانە هەمووی وایان لە من کردووە کە لەو بڕوایەدا بم، بۆ ئێمە دوو هەرێمی جیاواز باشترە“.
هەر لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 19\7\2016، کاروان ساڵح، هەڵسووڕاوی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: “بەرنامەیەکی ژێربەژێر و نهێنی لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی و نووری مالیکیدا هەیە، پێم وابێت ئەوە ئاماژەیەکی ترسناکە و سەرهەڵدانی پیلانێکی دیکەیە”.
بە گوتەی کاروان ساڵح: “نەوشیروان مستەفا، بەهۆی ئەو قەیرانە دەروونییەی دوو ساڵە ڕووبەڕووی بووەتەوە، لە چوارچێوەی ئەو پیلانە دەرەکی و عێراقییەی کە دەیانەوێت ماڵی کورد وێران بکەن و هەرێمی کوردستان لەت بکەن، بە جیاکردنەوەی شارێک و بابەتی دوو هەرێمی کە ئەمە جگە لە خیانەتی نیشتمانی هیچ دیکە نییە، هەوڵی خۆی چڕ کردووەتەوە".
هەڵسووڕاوەکەی پێشووی گۆڕان جەختی لەوە کردەوە کە پلانی بەهەرێمکردنی سلێمانی و دابەشکردنی کوردستانی باشوور، بە مەبەستی لێدانە لە هەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردستان و بە “یارییەکی مەترسیدار”ی یەکێتی و گۆڕان و مالیکی وەسفی کرد.
باسنیوز
