خەڵک لەسەر مالیکی دەستگیر دەکەن بەڵام هێرشبەرانی سەر بارەگای پارتی بەئازادی دەسووڕێنەوە

خەڵک لەسەر مالیکی دەستگیر دەکەن بەڵام هێرشبەرانی سەر بارەگای پارتی بەئازادی دەسووڕێنەوە
بەرپرسی لقی 12ی هەڵەبجەی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە دەستگیرکردنی چلاکوانانی مەدەنی لەسەر دەربڕینی هەڵوێست لەدژی سەردانەکەی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بۆ شارەکەیان نیگەرانە و دەڵێت: "خەڵک لەسەر ناڕەزایی لە دژی مالیکی دەگیرێت، بەڵام تەقەکەر و هێرشبەرانی سەر بارەگاکانی پارتی ناگیرێن".

ئەمڕۆ سێشەممە 19\7\2016، فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی بە ئێمەی نەگوتووە کە گوایە نووری مالیکی، دێتە شاری هەڵەبجە، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هاتنی مالیکی بۆ هەڵەبجە، دەنگی ناڕەزایی لەنێو خەڵک و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی بەرزبوویەوە”. جەختیشی لەوە کردەوە: “بەپێی ئەو دەنگە ناڕەزاییانە، هێزێکی زۆر لە دەرەوەی هەڵەبجە هێنراوەتە ناو شار و هەموو دەزگا ئەمنییەکان کەوتوونەتە خاڵەتی ئامادە باشییەوە، بەداخەوە کاتێک چلاکوانان گەیشتبوونە دەروازەی شار بۆ دەربرینی ناڕەزایی و گردبوونەوەی جەماوەری، یەکسەر هێزێک ئەو گرووپە چلاکوانەیان ڕفاندووە".

ئەو بەرپرسەی پارتی لە هەڵەبجە نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی: “خەم بۆ ئەوە دەخۆین کە ئەو خەڵکانەی پەلاماری بارەگای پارتییان دا، لە قەڵادزێ و ڕانییە بارەگای پارتییان سووتاند، بەو شێوەیە پەلامار نەدران و نەگیران، بەڵام خەڵکانێک دەستگیر دەکرێن لەسەر مالیکی کە قووتی خەڵکی کوردستانیان بڕیوە کە ئەمە شتێکی ناڕەوایە و نەدەبوو هیچ لایەنێکی سیاسی ڕێگا بە خۆی بدات پێشوازی لە مالیکی بکات". ئەوەشی خستە ڕوو، دەبوو پێش هاتنی بۆ کوردستان، مالیکی داوای لێبووردنی لە خەڵکی کوردستان بکردبایە، “بەڵام نە ئەو داوای لێبووردنی کرد، نە لە گوڵێک کاڵتری پێ گوترا، بەڵام خەڵکی شاری هەڵەبجە قبوڵیان نەکرد مالیکی بێتە شارەکەیانەوە”.




باسنیوز
Top