سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات
ڕۆژی سێشەممە 19ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرانك بەیكەر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا باس لە دوا هەڕەشە و پەرەسەندنەكانی كردەوەی تیرۆریستی و هزری توندڕۆیی لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە كرا، هەروەها ڕۆشناییش خرایە سەر سەركەوتنە سەربازییەكانی بەرانبەر داعشلە ناوچە جیاجیاكانی عێراق.
ئامادەكارییەكان ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە لەپێناو ڕێگەگرتن لە دروستبوونی كێشەی قووڵتر و پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و دڵنیاییان و دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان، پێویستە بەر لە ئازادكردنی موسڵ ڕێككەوتنێكی سیاسیی لەنێوان لایەنەكاندا هەبێت و باڵیۆزی بریتانیا سەرۆك بارزانیی لە بۆچوونی وڵاتەكەی پەیوەست بەم باسە ئاگادار كردەوە. هەروەها كورتەیەكیشی لەبارەی بڕیاری گەلی بریتانیا بۆ دەرچوون لە یەكێتی ئەوڕوپا و كاریگەریی ئەو بڕیارە لەسەر سیاسەتی دەرەكیی بریتانیا خستەڕوو.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئاییندەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دیدارەدا ئەنگوس مەكی كونسوڵی گشتیی بریتانیا كە كۆتایی بە ئەرك و كارەكانی هاتووە سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە لەماوەی كاركردنیدا هەماهەنگ و هاوكاری بوونە و هیوای سەركەوتن و بەختەوەری بۆ گەلی كوردستان خواست و لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەكەیدا.


Top