ئەندامێکی پەرلەمان: بۆشایی یاسایی لە ڕووی ئەمنییەوە لە هەرێمی کوردستان دروست نابێت
ئەمڕۆ سێشەممە 19\7\2016، نازم هەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایشی خۆجێیی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “لە (16\7\2016)، یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2014ی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان - عێراق کۆتایی پێهاتووە، بەڵام بۆشایی یاسا لە ڕووی ئەمنییەوە لە هەرێمی کوردستان دروست نابێت، ئەو بۆچوونەی ئەنجومەنی شوورا بۆچوونێکی مام ناوەندی و گشتگیرە”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەنجومەنی دادوەری دەتوانن کاری خۆیان بکەن، ئەوەش بەپێی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 1992ی پەرلەمان و یاسای ژمارە (21)ی ساڵی (2003)، لەگەڵ یاسای ژمارە (111) و یاسای سزادانی عێراقی ساڵی (1969) ئەوان دەتوانن کاری خۆیان بکەن. گوتیشی: “دەسەڵاتی دادوەری دەستکراوەیە بەرانبەر بەو بابەتە کە لە هەر شتێکی پەیوەندی بەو بابەتانەوە هەبێت، ئەم بۆچوونەی ئەنجومەنی شوورا جێگای یاسای دژە تیرۆر ناگرێتەوە، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە بۆشایی ئەمنی و تیرۆر دروست نابێت”.
باسنیوز
