ھاتنی مالیکی بۆ تەفرەقە و ئاڵۆزکردنی ناوماڵی کوردو بەهەرێمکردنی سلێمانییەو یەکێتی و گۆڕان هاوکاری دەکەن

ھاتنی مالیکی بۆ تەفرەقە و ئاڵۆزکردنی ناوماڵی کوردو بەهەرێمکردنی سلێمانییەو یەکێتی و گۆڕان هاوکاری دەکەن
ئەندامێکی پارتی: ئەگەر یەکێتی و گۆڕان و مالیکی، نیەتی بەھەرێمکردن و دووئیدارەیی و جیاکردنەوەی سلێمانییان لە ھەرێمی کوردستان ھەبێ سەرکەوتوو نابن و خەڵکی سلێمانیش بێ دنگ نابن و ئەوە قبوول ناکەن.
مالیکی دەیەوێ لەڕێگەی کۆکردنەوەی دەنگەوە کورسیی سەرۆک وەزیران لەژێر عەبادی دەربھێنێت، بۆ ئەوەش بەڵێنی ھاوکاریکردنی بۆ بیرۆکەی یەکێتی و گۆڕان بۆ بەھەرێمکردنی سلێمانی خستووەتە بەردەم ئەو دوو لایەنە، بەڵام سەرکردەیەکی یەکێتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ھاتنی مالیکی بۆ سلێمانی ھیچی لێ سەوز نابێ و وەکو خۆی دەڵێت لە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆییە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نزیک نووسینگەی، سەردانی مالیکی سەرۆکی حزبی دەعوە کە لەنێو خەڵکی کوردستاندا بە بڕیاردەری بڕینی مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان ناسراوە، بۆ لای یەکێتی و گۆڕان بۆ ڕێککەوتن و پێکھاتنە لەسەر پڕۆسەی کاری ھاوبەش و ھەماھەنگی لەنێوان لیستی دەوڵەتی یاسا و حزبی دەعوە و یەکێتی و گۆڕان، دەیانەوێ ھێزی دیکەش لە ناوخۆی کوردستان بخەنە ریزی بەرەکەیانەوە.

سەرچاوەکە راشی گەیاند، مالیکی دەیەوێ یەکێتی و گۆڕان ھاوکاریی بکەن لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران، بۆ ئەوەش تموحی ھاوکاریی ئابووری بۆ بەھەرێمکردنی سلێمانی، کە نەوشیروان مستەفا داڕێژەری بیرۆکەکەیەتی، خستووەتە بەردەم ئەو دوو لایەنە لە حاڵی وەرگرتنی پۆستەکەیدا.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، مالیکی لە سەردانەکەی دوێنێ دووشەممە بۆ سلێمانی، پشتگیریی تەواوی بۆ رێککەوتنە سیاسییەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی دەربڕیوە و داواشی لە یەکێتی کردووە کە ھەوڵ بدەن لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیشدا، گفتوگۆ بکەن بە ئاراستەی ئەوەی کە ئەو حزبە ئیسلامییەی کوردستانیش کە راکانی نزیکە لێیانەوە، بھێننە بەرەی خۆیانەوە، بۆ ئەوەی لە گۆڕانکارییە نوێیەکاندا لە بەغدا ھاوھەڵوێستی ئەوان بێت.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئێستا گفتوگۆیەکی گەرم ھەیە لەنێوان ئەمریکا و ئێران بۆ شوێنگرتنەوەی عەبادی و دانانی کەسێکی تر لە پۆستی سەرۆک وەزیراندا.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمریکا زەمینەسازی دەکات و چەند کەسێکێکیشی کاندید کردووە بۆ ئەوەی یەکێک لەوان بخاتە شوێنی عەبادی، بەڵام سەرچاوەکە ناوی کەسەکانی بەردەست نەبوو، کە ئایا ئەمریکا لەگەڵ ئەوەدایە کە مالیکی بۆ کورسیی سەرۆک وەزیران بگەڕێتەوە، یان نایەوێ و ئەزموونی پێشووی ئەو کەسە دیارە کە لە سەردەمی ئەودا داعش گەشەی کردووە و کۆنتڕۆڵی چەند شارێکی عێراقی کردووە و شکستی بە سوپای عێراقیش ھێناوە.

بەڵام مالیکی لای خۆیەوە بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لە دوای ڕووداوی تەقینەوەکەی کەڕادە بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و بەئاشکرا خۆی وەکو شوێنگرەوە و بەدیلی عەبادی ناساندووە.

سەرچاوەکە لەبارەی ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی نووری مالیکیشەوە ئاشکرای کرد کە تیایدا ھاتووە :”کە ئامادەیە جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، ئەگەر سیاقی یاسایی و تەوافوقی سیاسی لە گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت، بۆ بدۆزرێتەوە”.

لەبارەی پشتیوانییەکانی مالیکیشەوە، سەرچاوەکە ھێمای بۆ ئەوە کرد، ھەندێک ناوەندی سیاسی لە ئێران و لە ناویاندا قاسم سولەیمانی لەوانەن کە داکۆکی لە مالیکی دەکەن و پێیانوایە کەسێکی گونجاوە و بەھێزە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی موقتەدا سەدر و گۆڕانکارییە نوێیەکانی عێراق ببێتەوە.

سەرچاوەکە کە نزیکە لە مالیکی، ئەوەشی خستە ڕوو کە سەردانی مالیکی بۆ لای یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی ئەنجامدانی سەفقەیەکی سیاسی دابووە کە ئەگەر بتوانێت پشتیوانیی ئەوان زامن بکات، ئەوە بەڵێنیان دەداتێ لە مەسەلەی بەھەرێمکردنی سلێمانی و دروستکردنی پێگەیەکی ئابووری بۆ ئەو ھەرێمە، پشتیوانییان دەکا لەو رووەشەوە قسەکانی یەکێتی و گۆڕانی بەدڵ بووە.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە کە مەرج نییە مالیکی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ تاڵەبانی و نەشیروان مستەفا ئەم پرسە بەم شێوەیە تەرح بکات، چونکە پێشوەخت ئەو پەیامەی لە رێگەی شاندەکەی یەکێتی و گۆڕانەوە کە سەردانیان کرد لە بەغدا گەیاندووە و گفتوگۆی لەبارەوە لەگەڵدا کردوون.

بەڵام مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و فەرماندەی سەربازی، رایگەیاند، ئەو بە ھاتنی مالیکی بۆ سلێمانی دڵخۆش نییە، چونکە مالیکی پیاوێکە لە دژی بەرژەوەندییەکانی کوردە و لە چەند رۆژی رابردوو لە زاری خۆیەوە گوتوویەتی کە لە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانە، کەوابێت ھاتنی ئەو پیاوە ئەنجامی باشی نابێ، مستەفا چاوەڕەش گوتیشی: ”کەسێک بەو شێوەیە لە دژی بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێت، بە ھاتنیشی ھیچی لێ شین نابێ، تەنیا دووبەرەکی ئاڵۆزکردنی زیاتری ناوماڵی کورد نەبێ“.

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی رووداوێکی گێڕایەوە کە لە کاتی دەسەڵاتی مالیکی لە خانەقین لەگەڵ مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سێ مانگ لەبەر ھەڕەشەی مالیکی لە خانەقین و ئەو ھێزانەی ھێناویەتی بۆ ئەو سنوورە ماونەتەوە، گوتی: ”کەسێک بەو شێوەیە ھەڕەشە لە خاکی کوردستان بکات، پێشبینی ناکرێ سەردانەکەی شتێکی باشی بۆ کوردستان پێ بێت و لێی شین بێت“.

ھاوکات دانا جەزا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، شەقامی سلێمانی بە ھاتنی مالیکی بۆ شارەکەیان نیگەرانن، لەکاتێکدا، مالیکی دەستی ھەبووە لە بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان، گوتیشی: ”مالیکی خۆی گوتوویەتی لەگەڵ بارزانی کێشەی شەخسیی نەبووە، بەڵام بە ئاکارەکانی دیارە کە لەگەڵ کورد کێشەی ھەیە، ئەوەی لە رابردوودا کردوویەتی تەنیا دژایەتیی ھەرێمی کوردستان بووە“.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کە لەسەر لیستی پارتییە، ھێمای بۆ ئەوەش کرد، یەکێتی و گۆڕان و مالیکی، ئەگەر نیەتی بەھەرێمکردن و دووئیدارەیی و جیاکردنەوەی سلێمانییان لە ھەرێمی کوردستان ھەبێ سەرکەوتوو نابن، گوتی: ”خەڵکی سلێمانی ئەگەر ئەو نیازەی بۆ روون بێتەوە ھەرگیز بێدەنگ نابێ“.

لای خۆشییەوە فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ رایگەیاند، ھاتنی مالیکی بۆ سلێمانی لە چوارچێوەی ئەو سەردانەی یەکێتی و گۆڕان بووە بۆ لای بەرپرسانی عێراقی و مەبەست لە ھاتنەکەی ھەماھەنگی و دروستکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقە.




باسنیوز
Top