بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت

 بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەخنە لە بەشداری پێنەکردنی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانان دەگرێت.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاندووە، کە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە بەرەی هەرە پێشەوەی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعشە.

فەلاح مستەفا رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بانگێشتی کۆ بوونەوەی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتانی هاوپەیمانیی دژی داعش نەکردووە و پێیوایە ئەم بانگهێشت نەکردنە ”لۆژیکی تێدا نییە“، لە کاتێکدا کوردستانی باشوور لایەنی سەرەکییە لە شەڕی دژی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە بیر ئەمریکا و هاوپەیمانان دەهێنێتەوە، کە هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە نزیکەی 1.8 ملیۆن ئاوارە کردووە، کە بەشێکی زۆریان بەهۆی شەڕ و هێرشەکانی داعشەوە ئاوارە بوون.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە 20ـی تەمموزی 2016، 46 وەزیری بەرگریی و دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا کۆببنەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری ئەو وڵاتانە تاوتوێی دوایین پەرەسەندنەکانی شەڕی دژی داعش دەکەن و پڕچەک کردنی هێزە زەمینیەکانی دژ بەو رێکخراوە دەکەن، وێڕای دوایین قۆناغەکانی پلانی رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ و کەیسی ئاوارە و پەنابەران، کە بەهۆی شەڕەکانەوە ئاوارە بوون.

وەزارەتی بەرگریی عێراقیش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق سەردانی ئەمریکای کردووە و بەشداریی کۆ بوونەوەکە دەکات.

بە دانپێدانانی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان کاریگەرترین و سەرکەوتووترین هێزی زەمینییە، کە شەڕ دژی داعش دەکات و توانیویەتی زۆرینەی ناوچە کوردستانییە داگیر کراوەکان، رزگار بکاتەوە.









باسنيوز
Top