شیوعی: دەبێ لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێم هاوكار بین.. تا بڕیاری چارەنووسساز بدهین
لەبارەی دەستپێشخەریی (سەرۆك بارزانی) بۆ كۆبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان لە پێناوی چارەكردنی كێشەكان (د. كاوە مەحموود)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان پێویستییان بە یەكگرتوویی هەیە بۆ ئەوەی سەرجەم كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارە بكەن، هەوڵی ئەوە بدەن كە هەڵوێستی یەكگرتوو بدۆزینەوە بۆ سەرجەم ئەو گرفتانەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بە تایبەتی بابەتی مافی چارەنووسی گەلی كوردستان، چونكە قسە لەسەر ئەوە كراوە دەبێت شاندی هاوبەش هەبێت سەردانی بەغدا بكەن و سەردانی وڵاتە زلهێزەكان و دراوسێكانیش بكەن بۆ داواكاریی مافی چارەنووس كە ئەمە شتێكی باشە، بەڵام لە هەمووی گرینگتر ئەم لایەنانە بە هەڵوێستی هاوبەش بەشداری بكەن كە دەربڕی یەكێتیی ئیرادەی خەڵكی كوردستان بێت".
(مەحموود) گوتیشی: "ناكرێت پرسی هاوبەشی حزبەكان لە بابەتی هەوڵدان بۆ چارەكردنی قەیرانەكانی كوردستان جیا بكرێتەوە، بابەتی هەڵوێست و دۆزینەوەی رێگاچارەی هاوبەش دەبێت بە تەریبی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان كاری لەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی بە هاوبەشی سەردانی بەغدا بكەین، بۆیە پێویستە ئێمە پشتگیری لە هەموو هەوڵ و كۆششێك بكەین و بەربەستەكان لابدەین كە بۆ لایەنە سیاسییەكان دێتە پێشەوە، هەوڵ بدەین كۆبوونەوە بكرێت، بە بێ مەرج لەگەڵ یەكتری كۆ ببینەوە و خاڵی هاوبهش بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی رێككەوتنی نوێ دروست ببێت، ئەگەرنا ئەو خاڵانەی ناكۆكی تێدایە دەكرێت پرس بە خەڵكی دەرەوەی حزبەكان بكرێت و رای گشتی وەربگیرێت بۆ ئەوەی هەڵوێستی یەكگرتوو بدۆزرێتەوە".
(د. كاوە مەحموود) دهشڵێ، هەموو كاتێك زەمینەسازی هەیە بۆ كاركردن و كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكان، بەڵام لە كوردستان و ناوچەكە گرفتێك هەیە ئەویش دەوڵەتە كە دەوڵەتی عێراق بووەتە هۆی ئەوەی كە سامانی عێراق بەفیڕۆ بدرێت، بۆیە دەبێت دڵسۆزانی عێراق پێكەوە بڕیاری چارەنووسسازی خۆیان بدەن، بگەڕێن بۆ رێگاچارەی گونجاو و واقیعیانە".
جێگری سكرتێری گشتیی حزبی شیوعی ئەوەیشی خستە روو: "دەبێت بە ئیجابیانە پێشوازی لە هەموو هەوڵێك بۆ چارەكردنی قەیرانەكان بكرێت و هاوكار بین بۆ هەوڵەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و (د. فوئاد حوسێن)، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە ئێستا سەرۆكایەتیی ئەو شاندە دەكات بۆ لای لایەنە سیاسییەكان و سەرۆكایەتی هەرێم، كە دەستپێشخەری كراوە بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان".
KDP
