بڕیاردەی لێژنەی دارایی پەرلەمان: بەم زووانە دەستکاریی مووچە دەکرێت

 بڕیاردەی لێژنەی دارایی پەرلەمان: بەم زووانە دەستکاریی مووچە دەکرێت
بڕیاردەری لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی ڕێنمایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نابێت هیچ کەسێک مووچەی لە دوو ملیۆن زیاتر بێت. گوتیشی: “دەستکاریی مووچەی فەرمانبەران دەکرێتەوە”.

ئەمڕۆ سێشەممە 19\7\2016، هیڤا حاجی میرخان، بڕیاردەری لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، ڕابگەیاند: “بەپێی ڕێنمایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مووچەی پلە باڵاکان و پەرلەمانتاران لە ٪75 دەبڕدرێت و هیچ کەسێک نابێت لە دوو ملیۆن دینار زیاتر مووچە وەربگرێت”. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو ڕێنماییە بۆ پێشهاتنی گرفتی هەنووکەیی دەبێت، بەڵام لەگەڵ گۆڕانکاری لە نرخی نەوتدا، ئەویش گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

بڕیاردەری لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، ئەوەشی ئاشکرا کرد: “هۆکاری دەستکاری نەکردنی مووچەی فەرمانبەران، پەیوەندی بە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتەوە هەیە کە حکوومەتی عێراق پشکێکی لە 600 هەزار بەرمیل نەوتەکە بڕیوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەدا بکرێت”.








باسنیوز
Top