میرانی: ئامانجی پارتی، یەكڕیزیی گەل و هێزە سیاسییەكانە

 میرانی: ئامانجی پارتی، یەكڕیزیی گەل و هێزە سیاسییەكانە
(فازڵ میرانی) ڕایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتە چەقبەستووە سیاسییەكان لە كوردستان و، ئامانجیشی یەكڕیزیی گەل و هێزەكانی كوردستانە.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی، پێشوازی لە (فرانك بیكەر) باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و (ئەنگەس مەكی) كۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر كرد، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیان سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردبوو.

لە دانشتنێكدا، (فازڵ میرانی) وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، تیشكی خستە سەر رەوشی ئەمڕۆی كوردستان و عێراق و پێشهاتە تازەكان لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەكە.

هەروەها (میرانی) باسی لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان كرد و جەختی كردەوە كە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتە چەقبەستووە سیاسییەكان لە كوردستان و ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستان یەكڕیزیی گەل و هێزەكانی كوردستان و، خۆئامادەكردنە بۆ تازە پێشهاتەكان بە یەكڕیزی و یەكگوتاریی سیاسی.

(میرانی) دووپاتی كردەوە كە، ئێستا هەلومەرجێكی باش لە ئارادایە بۆ لەیەكترتێگەییشتنی لایەنە سیاسییەكان لە كوردستان بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە سیاسییە لە هەرێم.

ئەو هەروەها لەم دانیشتنەدا، باسی لە رۆڵی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی جەنگ دژی گرووپی تیرۆریستیی داعش كرد و سوپاسی هەموو لایەنەكانی كرد كە هاوكاریی هێزی پێشمەرگەیان كردووە و، ئاماژەی بەوە دا كە هەموو جیهان ددانیان بەوەدا ناوە كە پێشمەرگەی كوردستان لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەكات.

لەلای خۆیەوە (فرانك بیكەر) باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، زۆر سوپاسی مەكتەبی سیاسی و (فازڵ میرانی) كرد بۆ رەخساندنی ئەم دیدارە و، دووپاتی كردەوە كە بەریتانیا بە گرینگییەوە چاودێریی بارودۆخی كوردستان دەكات و ئاساییش و بەرقەراربوونی لەلای بەریتانیا زۆر گرینگە.

هەروەها هیوای خواست كوردستان هەر سەركەوتوو بێت و لە گەشەسەندندا بێت.









KDP
Top