نێچیرڤان بارزانی: کلیلی گەیشتنی کوردستان بە وڵاتانی پێشکەوتوو سیستەمی پەروەردەیه

نێچیرڤان بارزانی: کلیلی گەیشتنی کوردستان بە وڵاتانی پێشکەوتوو سیستەمی پەروەردەیه
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، بەڵێنەکەیان سەبارەت بە مووچەی مامۆستایان لەبیر نەکردووە و لە حاڵەتی باشتربوونی دۆخی دارایی حکوومەت، بەڵێنەکە جێبەجێ دەکەن.



ئەمڕۆ سێشەممە 19\7\2016، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە مەراسیمی ڕێزلێنان بە قوتابییە یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کوردستانی کرد کە شەو و ڕۆژیان بۆ پاراستنی کوردستان لەسەر یەک داناوە. هاوکات گوتی: ”ئەمڕۆ نەوەیەک پێدەگەیەندرێت کە بۆ فێربوون و خوێندن تێدەکۆشێت، ئەم تێکۆشانە هیچی کەمتر نییە لەو پێشمەرگانەی کە بە خوێنی خۆیان کوردستان دەپارێزن“.



بەپێویستیشی زانی، سیستەمی پەروەردە پێش بخرێت و بە کلیکی گەیشتن بە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتووی لە قەڵەم دا. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ئەم گەنجانە ئەو هیوا و ئومێدە بە ئێمە دەبەخشن کە داهاتووی ئەو وڵاتە گەشە. لە قسەیان، لە تێگەیشتنیان. من لە وەزیری پەروەردەم پرسی کە ئایا ئەو وتانەی قوتابییەکان کردوویانە، خۆیان نووسیویانە یان ئێوە بۆتان نووسیون؟ وتیان خۆیان نووسیویانە، ئەوە دڵی خۆش کردم“.



هەر لەو وتەیەیدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: ”بۆ دوو شت سوپاسی مامۆستایان دەکەم، یەکەم بۆ ئەوەی کە زۆر بە خەمخۆرییەوە هەوڵیان داوە ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ بهێنن، سوپاسی خۆڕاگرییان دەکەین کە هەموومان دەزانین هەرێمی کوردستان بە چ قەیرانێکی دارایی گەورەدا تێدەپەڕێت. سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییە، هیچ وشەیەکم نییە کە سوپاسی خۆم ئاراستەی ئەو مامۆستایانە بکەم کە نەیانهێشتووە پرۆسەی خوێندن لەو وڵاتە بوەستێت“.



لە کۆتاییشدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەڵێنێکی پێشووی خۆی سەبارەت بە مووچەی مامۆستایان گوتی: ”مەسەلەی مووچە، بەڵێنێکمان بە مامۆستایان دابوو، لەبیرمان نەکردووە و کەمێک دۆخە داراییەکە باشتر بێت، بەڵێنەکە جێبەجێ دەکەین“.





باسنیوز
Top