مالیکی سەردانەکەی بۆ هەڵەبجە هەڵوەشاندەوە
پەیامنێری (باسنیوز) لە بەردەم مۆنۆمێنتی هەڵەبجەوە ئاماژەی بەوە کرد، کەمێک پێش ئێستا (سێشەممە 19\7\2016)، نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق کە بە سەردانێک لە شاری سلێمانییە، سەردانەکەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە هەڵوەشاندەتەوە.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەرچەندە لەلایەن یەکە ئیدارییەکانی ھەڵەبجەوە ئامادەکاری بۆ ھاتنی کرابوو، بەڵام نووری مالیکی سەردانەکەی بۆ ھەڵەبجە نەکردووە و ناشزانرێت هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی چییە.
پێشتر پەیامنێری (باسنیوز) ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی هەڵەبجە ئامادەکارییان بۆ خۆپیشاندان لە دژی سەردانەکەی مالیکی بۆ هەڵەبجە کردووە و بەو هۆیەوە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە، 2 لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەستگیر کراون.
نوری مالیکی رۆژی دووشەممە 18ـی تەمموز سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و لە فڕۆکەخانە لەلایەن بەرپرسانی حزبی و حکوومی شارەکە بە گەرمی پێشوازی لێکرا، دواتر لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆ بووەوە.
مالیکی لەو کاتەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، بڕیاری راگرتنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی دا و دژایەتیی خۆی بۆ ناردنی هاوکاریی سەربازیی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان راگەیاندووە.
باسنیوز
