له هەڵەبجە چەندین گەنجی خۆپێشاندەر دەستگیر دەکرێن و بێ سەرو شوێن دەكرێن
ژمارەیەک گەنجی هەڵەبجە بڕیاریان دا گردبوونەوەیەک ئەنجام بدەن، بۆ دژایەتیکردنی چوونی نوری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراقی و سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە، کە بڕیارە رۆژی سێشەممە 19ـی تەمموزی 2016 سەردانی بکات.
سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە 19ـی تەمموز، هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، رێکخەرێکی خۆپێشاندانەکە و گەنجێکی بەشداربوویان دەستگیر کرد.
نوری مالیکی رۆژی دووشەممە 18ـی تەمموز سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و لە فڕۆکەخانە لەلایەن بەرپرسانی حزبی و حکوومی شارەکە بە گەرمی پێشوازی لێکرا، دواتر لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆ بووەوە.
مالیکی لەو کاتەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، بڕیاری راگرتنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی دا و دژایەتیی خۆی بۆ ناردنی هاوکاریی سەربازیی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان راگەیاندووە.
باسنیوز
