ئه‌مریكا: پێویستە و هەرچی زووە په‌كه‌كه هێرشه‌كانی بۆسه‌ر توركیا رابگرێت
له‌كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی رۆژانه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكادا پرسیار له مارك تۆنه‌ر، جێگری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاكرا، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه بۆچی له‌وته‌كانی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌مریكاو یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌باره‌ی پێشیلكاری مافه‌كانی مرۆڤ له توركیا باس له باكوری كوردستان ناكرێت، له‌كاتێكدا كه هه‌ردوو رێكخراوی ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ و چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ ئیدانه‌ی دۆخه‌كه‌یان كردبوو، له‌ئێستادا كه پرسی مافه‌كانی مرۆڤ بۆ یه‌كێتیی ئه‌وروپاو ئه‌مریكا بووه‌ته دۆسیه، ئایا به هه‌مانشێوه بابه‌تی پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ له‌باشوری رۆژهه‌ڵاتی توركیا(باكوری كوردستان)دا به‌رزده‌كه‌نه‌وه؟ به دیاریكراوی به‌هۆی فراوانكردنی گرژییه‌كانی سوپاوه؟.
مارك تۆنه‌ر له‌وه‌ڵامدا وتی"سیاسه‌تی ئێمه له‌باره‌ی چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه‌وه روون بووه ... هه‌میشه ده‌مانه‌وێت ببینین كه هه‌وڵ بۆ رێگریكردن‌و به دڵنیاییه‌وه كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نی ده‌درێت" ته‌ئكیدیشی كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ی ده‌یه‌وێت ببینێت له‌ته‌واوی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌دا مافه‌كانی مرۆڤ به گرنگییه‌وه له‌به‌رچاوبگیرێن‌و له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونیاندا ئاگاداری ئه‌و مافانه بن.
جێگری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وتیشی"به‌داخه‌وه له شه‌ش مانگ بۆ ساڵی رابردوودا هه‌ڵكشانی توندوتیژی له نێوان په‌كه‌كه‌و ده‌سه‌ڵاتی توركیامان بینیوه. په‌ككه‌وتنی ئه‌و میكانیزمه‌مان بینی كه به‌ره‌و دانوستان و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌دا دامه‌زرێنرابوو. پێمانخۆشه ببینین كه په‌كه‌كه هێرشه‌كانی بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی توركیا یاخود پۆلیس‌و هێزه ئه‌منییه‌كان راده‌گرێت".
شه‌ڕی نێوان سوپای توركیا‌و گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه له هاوینی رابردووه‌وه ده‌ستی پێكرده‌وه، ئه‌وه‌ش دوای په‌ككه‌وتنی پڕۆسه‌ی ئاشتی كه ماوه‌ی 2 ساڵی خایاند‌و له‌ئێستادا پڕۆسه‌كه به‌ته‌واوی په‌كخراوه.
تۆنه‌ر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه حه‌زده‌كه‌ن دووباره گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك ببینین، كه تیایدا جۆرێك له میكانیزمی ئاشتیانه یاخود گفتوگۆ، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی كۆتاییهێنان به توندوتیژییه‌كانه‌وه هه‌بێت، وتی"به‌ڵام له‌هه‌ر حاڵه‌تێكدا، ئێمه پشتیوانی مافی به‌رگریكردنی توركیا له هاوڵاتیانی ده‌كه‌ین".
مارك تۆنه‌ر له درێژه‌ی وته‌كانیدا ته‌ئكیدی كرده‌وه كه ئه‌مریكا هیواخوازه په‌كه‌كه خۆی له ئه‌نجامدانی هه‌موو توندوتیژییه‌ك بپارێزێت به‌تایبه‌تی به‌هۆی هه‌ستیاریی هه‌وڵی كوده‌تاكه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی توركیاوه‌و به‌ساده‌یی هێرشه‌كانی دژ به هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا رابگرێت.
دره‌نگانی شه‌وی 15ی ئه‌م مانگه، ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی توركیا كوده‌تایان به‌سه‌ر ته‌واوی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ستیپێكرد‌و دوای چه‌ند كاتژمێرێك، ده‌سه‌ڵاتی توركیا به‌سه‌رۆكایه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆمار، شكستپێهێنانی ئه‌و هه‌وڵه‌ی راگه‌یه‌ند.
له‌دوای هه‌وڵی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا‌و ده‌ستگیركردنی زیاتر له حه‌وت هه‌زار كه‌س، كه له‌نێویاندا ئه‌فسه‌ری پۆلیس، دادوه‌ر، داواكاری گشتی، سه‌رباز و هاوڵاتیی مه‌ده‌نی هه‌ن‌و دوورخستنه‌وه‌ی زیاتر له هه‌شت هه‌زار فه‌رمانبه‌رو كارمه‌ندی داموده‌زگا حكومییه‌كان له كاره‌كانیان، ئه‌مریكا داوای له توركیا كرد ئاگاداری پرسی مافه‌كانی مرۆڤ بێت له‌و وڵاته، جۆن كێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند"نابێت كاردانه‌وه‌ی توركیا زیاتر له پێویست بێت".
به‌وته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا به‌هۆی هه‌وڵی ئه‌نجامدانی كوده‌تاكه، تائێستا حه‌وت هه‌زار‌و 543 كه‌س ده‌ستگیركراون، له‌نێویاندا سه‌دان ئه‌فسه‌ری پۆلیس هه‌بوون، شه‌ش هه‌زار‌و 38 كه‌سیان ئه‌فسه‌ری پله جیاجیاكانی سوپا بوون، 755 دادوه‌ر‌و داواكاری گشتی له‌گه‌ڵ 650 هاوڵاتی مه‌ده‌نی، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی بیناڵی یه‌ڵدرم، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته كه ئه‌مڕۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ بڵاویكردووه‌ته‌وه. جگه له‌و ده‌ستگیركراوانه‌ش ، به‌هه‌مان هۆ زیاتر له8 هه‌زار كه‌س دوورخراونه‌ته‌وه، كه 30 كه‌سیان پارێزگاری شاره‌كانی توركیان.
خه‌ندان
