کاردانەوەی پارتی بەرامبەر سەردانەكەی مالیکی بۆ سلێمانی
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێ، مەبەست لە سەردانەکەی نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بۆ شاری سلێمانی، دەستوەردانە لە کاروباری نێوخۆی هەرێمی وکوردستان.
رێناس جانۆ، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئامانج لە سەردانەکەی نووری مالیکی بۆ شاری سلێمانی دەستوەردانە لە کاروباری نێوخۆی هەرێمی کوردستان و لێکترازنی نێو ماڵی کورد و هیچ دیکە نییە".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت "مالیکی قوت و مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە و پێویستە دانیشتووانی شاری سلێمانی لە دژی هاتنەکەی خۆپیشاندان بکەن".
هاوکات ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەپرسێ، "ئەگەر مالیکی خەمخۆری تەندروستی جەنابی مام جەلالە بووایە، ئەی دوو ساڵە لەکوێ بوو بۆچی سەردانی نەدەکرد؟ ئەی ئەگەر تەنیا مەبەستی سەردانی مام جەلالە، بۆچی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە؟".
كاژێر 03:00 ی پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 18-6-2016، نووری مالیكی گەیشتە فڕۆكەخانەی شاری سلێمانی و لەلایەن ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری ئەو شارە و، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەو حیزبە پێشوازی لێكرا.
مالیكی راستەخۆ دەچێتە ماڵی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و لە هەواڵی دەپرسێت، پاشان دەچێتە گردی زەرگەتە و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە.
دواتریش لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانییەوە بۆ ئێوارەخوانێک بانگهێشتکراوە. بڕیاریشە دوای ئێوارەخوانەکە، نووری مالیکی لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەكێتی کۆببێتەوە.
رووداو
