لە بەغدا چەند حزبێکی کوردستان بە پشتیوانیی مالیکی دەیانەوێت تۆڵە لە پارتی بکەنەوە

 لە بەغدا چەند حزبێکی کوردستان بە پشتیوانیی مالیکی دەیانەوێت تۆڵە لە پارتی بکەنەوە
دوای ئاشکرابوونی هەوڵەکانی چەند حزبێکی کوردستان بۆ لادانی هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق، باس لەوە دەکرێت کە ئەو حزبانە بە پشتیوانیی مالیکی و هەر یەکەی بەهۆکارێک، دەیەوێت تۆلە لە پارتی دیموکراتیی کوردستان بکاتەوە.

پاش ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 18\7\2016، ئەحمەدی حاجی ڕەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق، بۆ لێپێچینەوە بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکرێت. ئەوەشی گوت کە تەنیا پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان و هەندێک لە پەرلەمانتارانی سوننە دەنگ بە مانەوەی زێباری دەدەن.

سەرچاوەیەکی سیاسی لە بەغدا کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: “یەکێتی و گۆڕان لە ڕێگای بەغداوە، دەیانەوێت تۆڵەی هەوڵەکانی پارتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەنەوە، چونکە لە ماوەی ڕابردوو خەڵک بۆی یەکلا بووەتەوە کە یەکێتی و گۆڕان بە تەواوی دژی سەربەخۆیی کوردستانن”. ڕوونیشی کردەوە: “کۆمەڵی ئیسلامی دەیەوێت تۆڵەی دەستگیرکردنی کادیرەکانی کە بە گومانی تێوەگلان لە کردەوەی تیرۆریستی دەستگیر کراون، لە پارتی بکاتەوە، حزبی دەعوەش دەیەوێت تۆڵەی لادانی مالیکی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پارتی بکاتەوە”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرجەم ئەو هەوڵانەی بۆ لادانی زێباری دەدرێت، لەو چوارچێوەیەیە کە ئەو لایەنانە دەیانەوێت تۆڵە لە پارتی بکەنەوە.








باسنیوز
Top