یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ دەیانەوێت لە بەغداوە فشار لەسەر پارتی دروست بکەن
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18\7\2016، ئەحمەدی حاجی ڕەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای گەیاند: “لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی عێراق، پارتی دووچاری ئیحراجی دەکات، چونکە لەماوەی (6) مانگی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر درا کە وەزیری دارایی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا دوای ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە ژێر فشاری داواکاریی چاکسازیدا، ناچار بوو (3) وەزیر بانگهێشت بکات بۆ لێپرسینەوە کە یەکێک لەو وەزیرانە وەزیری داراییە”.
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵ ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە گۆڕان، یەکێتی و کۆمەڵ کێشەیان لەگەڵ پارتیدا هەیە و دەشڵێت: “هێزە شیعەکان لە دێر زەمانەوە بۆ وەزیری دارایی عێراق لە کەمینن، بۆیە لادانی هۆشیار زێباری لەم کاتەدا، دەبێتە باجی سیاسەتی پارتی”.
لەمبارەیەوە د. عەرەفات کەرەم، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “هەوڵێک هەیە بۆ لێدان لە پێگەی پارتی و تۆڵەکردنەوە، لەسەر ئەو هەڵوێستانەی لە ناوچەکەدا هەیەتی، بەڵام دڵنایی لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان دەکەمەوە کە بەرانبەر پارتی هیچیان پێ ناکرێت، چونکە حزبێکی بەهێزە و لەڕووی ژمارەشەوە پارتی لەئاستی جەماوەر و کورسیی پەرلەمان زۆر بەهێزە”.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڕیاریان داوە یەک دەنگی بپارێزن و دەپرسێت: “ئیتر ئێستا ئەم قسانە لە پێناوی چییە؟ بەغداش لەوە گەیشتووە کە پارتی حزبێکی بەهێزە”.
باسنیوز
