بەرپرسێكی پارتی: بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان پێویستمان بە تەوافوقێكی نوێیەو نیەت شەرتە

بەرپرسێكی پارتی: بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان پێویستمان بە تەوافوقێكی نوێیەو نیەت شەرتە
هەڵسوڕاوێکی گۆڕان دەڵێ : نەوشێروان مستەفا بەهەموو شتێک رازییە تەنها پارتی وەڵامی بداتەوە، بەرپرسێکی پارتیش دەڵێ: گۆڕان هەموو شتێکی تێکداو تەوافقی هەڵوەشاندەوەو لەپشتەوە خەنجەری مونافیقی و خیانەتی وەشاندو نەیتوانی ئەو رقوقینەی لەدلییەتی لەپێناوی کوردایەتی پاکی کاتەوە، لەبەرئەوە متمانەی پێ ناکرێ، بۆیە بەئاسانی ناچینە ژێر تەوافوقێك كە كودەتایەكی وەكو 23ی حوزەیرانی بەدوادا بێت و سەرلەنوێ هەموو شتێک سەراوژێرکاتەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان چاوەڕێی دەستپێشخەریی پارتی دەكات، رێكخەری گشتی ئەو بزووتنەوەیە، لەڕێی ئەمینداری یەكگرتووەوە سێ پەیامی بۆ بارزانی ناردووە. بڕیاریشە د.فوئاد حوسێن پەیامی بارزانی بگەیێنێتە گۆڕان.

ئێستا لەسەر دوو ئاست هەوڵ دەدرێ دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان ئاسایی بكرێتەوە. هەوڵی یەكەم لەلایەن سەڵاحەدین بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بووە. هەوڵی دووەمیش، سەردانی د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە بۆ لای كەسی یەكەمی حیزبە كوردستانییەكان.

دوای چەند رۆژی دیكە د.فوئاد حوسێن، سەردانی سلێمانی بكات و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە. تاوەكو ئێستاش لەگەڵ عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كۆبووەتەوە.

د.فوئاد حوسێن بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان هەوڵی جددی دەدات دوای ساڵێك لە قەیرانی سیاسی.

باپیر كامەلا، سەرۆكی فراكسیۆنی ئاراستەی سێیەم لە پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی 16/7/2016 لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەتەوە، دەڵێت شتی نوێ كە لە بارزانیی بیستووە ئەوەیە "فوئاد حوسێن، پەیامی كاك مەسعودی پێیە، پەیامەكەش بۆ كۆبوونەوەی حیزبەكانە كە تێیدا باسی كاراكردنەوەی پەرلەمان و ریفراندۆم و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دەكرێ".

هەڵسوڕاوێكی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان زانیاری نوێ لەسەر هەڵوێستی حیزبەكەی بۆ چۆنیەتی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ پارتی ئاشكرا دەكات و دەڵێت "بۆ گۆڕان گرنگە بزانێ ئەجێندای كۆبوونەوەكان چی دەبێ، ئایا پارتی ئامادەیە گۆڕان شەریكی راستەقینەی بێ لە مەسەلەی نەوت، مەسەلەی دارایی كە جگە لە پارتی كەس نازانێ چەند نەوت دەفرۆشرێ و داهاتەكەی بە تەواوەتی چەندە؟ هەروەها پەیوەندییەكانی دەرەوە كە هەمووی لەدەست پارتی دایە".

ئەو داوایەی پارتی بەردەوام لە گۆڕانی دەكات بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان بەئاسانی نایەتە ژێرباری داواكەی پارتی و ئەو كارتە ناسووتێنێ. وەك هەڵسوڕاوە باڵاكەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "گۆڕان جگە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان چی دیكەی بەدەستەوەیە؟ ئەوە پارتییە هەموو شتێكی بەدەستەوەیە، دەبێ پارتی دەستپێشخەری بكات بۆ كردنەوەی ئەو قوفڵە".

هەڵسوڕاوەكەی گۆڕان كە ئاگاداری تەواوی بڕیارەكانی حیزبەكەیەتی، پرسیار دەكات كە ئەگەر پارتی بیەوێ كێشەكان چارەسەر بكرێن و دەڵێت "هەر كاتێك پارتی نەرمی بنوێنێ و هەنگاوێك بێتە پێش، گۆڕان دووجار نەرمی دەنوێنێ و دوو هەنگاو دێتە پێش. بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان لە خۆیەوە ناتوانێ هیچ هەنگاوێك بهاوێژێ و دەستپێشخەریشی نییە. بۆیە چاوەڕێی هاتنی د.فوئاد دەكەین تاوەكو بزانرێ بارزانی چی نوێی هەیە".

د.رەئوف عوسمان، سەرۆكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی هەڵوێستی گۆڕان بە (رووداو)ی گوت "بزووتنەوەی گۆڕان نەرمیی تێدایە، بەڵام گرێیەكە لای پارتییە".

سەرۆكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "هەر كاتێ پارتی بێتە پێش دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە، گۆڕان و یەكێتی كە ئێستا لە یەك سەنگەردان، هەنگاوەكانیان ئاسان دەبن و دێنە پێش، بۆیە چاوەڕێی ئەو پەیامەی فوئاد حوسێنین، بزانین چییە".

پارتی دیموكراتی كوردستان بە وریاییەوە بەرامبەر بزووتنەوەی گۆڕان هەنگاو دەهاوێژێ و لە قسەی بەرپرسانی پارتیدا وا دەردەكەوێ كە كێشەی "متمانە"یان هەیە.

ئەحمەد كانی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی كە لەو رۆژانەدا لە زیاتر لە پێنج كۆبوونەوەی نێوان بارزانی و هەندێ حیزبی باشووری كوردستاندا بەشدار بووە بە (رووداو)ی گوت "بۆ پارتی نیەت شەرتە، چونكە هێشتا هەست بەو نیەتە ناكەین كە ئەگەر پارتی بێتە پێش، ئاخۆ گۆڕان دێتە پێش؟".

ئەحمەد كانی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان باسی پەیوەندیی نێوان حیزبەكەی و گۆڕان دەكات پێش 23ی حوزەیرانی 2015 "بارزانی گوتی گۆڕان خاوەن ماڵە و هێندەی پارتی پۆستی وەزارییان وەرگرت، تەنانەت وەزیرەكانی گۆڕان و كارەكانیان لای بارزانی و پارتی جێگەی رێز و تەقدیر بوون، بەڵام گۆڕان وانەبوو، 23ی حوزەیرانی بەسەردا هێنا و ئێستاش دەپرسین بۆ 23ی حوزەیران روویدا".

سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی لە مەسەلەی سەرۆكی پەرلەمان، كانی دەڵێت "پێویستمان بە تەوافوقێكی نوێیە، چونكە پێشتر رێككەوتنمان هەبوو، بەڵام گۆڕان هەڵیوەشاندەوە، ئێستا لاریمان نییە و لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانین، بەڵام لەسەر بنەما و تەوافوقێكی نوێ بێ". گوتیشی "ناچینە ژێر تەوافوقێك كە كودەتایەكی وەكو 23ی حوزەیرانی بەدوادا بێت".

هەوڵەكەی یەكگرتوو

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەڕێی سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتییەوە دەستیكردووە بە نێوبژیوانی نێوان پارتی و گۆڕان.

سەڵاحەدین بەهائەدین بەتەنیا لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەتەوە. لە كۆبوونەوەكەدا سەڵاحەدین بەهائەدین داوای ئاساییكردنەوەی پەیوەندی نێوان پارتی و گۆڕانی كردووە.

نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە رێگەی سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، پەیامێكی بۆ بارزانی ناردووە و چاوەڕێی وەڵامەكەشی دەكات. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا نەوشیروان مستەفا گوتوویەتی ئەوان وەكو بزووتنەوەی گۆڕان دەستپێشخەر نابن بۆ هەر هەنگاوێك، بەڵكو دەبێ پارتی دەستپێشخەری بكات و ئێمەش وەڵاممان دەبێ.

سەبارەت بە پەیامەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ بارزانی، بەرپرسێكی باڵای یەكگرتوو گوتی "كاك نەوشیروان گوتوویەتی، بە گۆڕینی یوسف محەممەد رازین و بە ئەنجامدانی ریفراندۆم رازین و بە داواكانی پارتی رازین، بەڵام بەرامبەر ئەوە بارزانی چی دەكات؟".

بەرپرسەكەی یەكگرتوو زانیاری زیاتر ئاشكرا دەكات و دەڵێت "یەكگرتوو پەیامەكەی نەوشیروان مستەفایان گەیاندووەتە بارزانی و رەنگە بۆ وەڵامێكی روون و ئاشكرا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو سەردانی بارزانی بكات، بەڵام ئێستا چاوەڕێی ئەو سەردانانە دەكەین كە د.فوئاد حوسێن دەستیپێكردووە بۆ لای لایەنە سیاسییەكان و بڕیارە لەگەڵ نەوشیروان مستەفاش كۆببێتەوە".

غازی سەعید، ئەندامی لێژنەی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كە بە مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە دادەنرێ، بە (رووداو) راگەیاند "مامۆستا سەڵاح پێش ئەوەی لەگەڵ كاك نەوشیروان كۆببێتەوە، كاك نێچیرڤانی بینیوە و دواتر لەگەڵ كاك نەوشیروان و هێرۆخانیش كۆبووەتەوە". گوتیشی "بڕیارە بەم نزیكانە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە".

غازی سەعید باسی هاتنە پێشی لایەنەكان دەكات بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی هەیە و گوتی "تاڕادەیەك نەرمی نواندن لەلایەن هەموو لایەنێكەوە هەیە، بە پارتی و گۆڕانیشەوە".

ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو چارەسەی كێشەكان لە سێ‌ قۆناغدا دەبینێتەوە و دەڵێت "قۆناغی یەكەم گەڕانەوەی متمانەیە. قۆناغی دووەم: دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانە، قۆناغی سێیەمیش بڕیاردانە بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە".




رووداو
Top